ناکۆکییەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چین؟

30-09-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رای جیاواز لەنێوان ماڵی کۆسرەت رەسوڵ و کوڕانی مام جەلال تاڵەبانی لەبارەی دیاریکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حیزبە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی دروستبووە. ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەش دەڵێت، "لەنێو یەکێتیدا قەت نەبووە و نابێت کەسێک بەبێ راوێژ بڕیار بدات."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژی شەممە 30-09-2023 سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری رووداو لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی باسی کرد، بەهۆی دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی و هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە، رای جیاواز لەنێوان کوڕانی کۆسرەت رەسوڵ و مام جەلال تاڵەبانی دروستبووە. 
 
بەشێک پێیان وایە دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆکی یەکێتی دراوە لە رووی کارگێڕی، دارایی، سیاسی، نوێنەرایەتیکردنی یەکێتی لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڕێوەبردنی یەکێتی، دیاریکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتییە. هاوکات ناکۆکی لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی هەن. 

 

بەگوێرەی ئەو رەشنووسەی بۆ پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ئامادەکراوە و دوای دەنگدان لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسند دەکرێت، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە کۆنگرە بە لیستی داخراو دەبێت، هەر لیستێک زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، سەرجەم کورسییەکان دەباتەوە. ئەگەر تەنیا یەک لیست هەبوو، ئەوە بە دەنگدانی ئاشکرا دەنگی پێدەدرێت. 
 
هەر ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە هەر هۆکارێک وازی لە کارەکەی هێنا یان کۆچی دوایی کرد، لە دەسەڵاتی سەرۆکە ئەندامێکی دیکە هەڵبژێرێت.
 
رووداو زانیویەتی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی کۆنگرەی یەکێتی و ئەوانەی لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵەوە نزیکن، لەگەڵ ئەوەدان ئەندامانی سەرکردایەتی بە دەنگدان دیاری بکرێن، واتا هەر کەسێک دەیەوێت ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی، خۆی بپاڵیوێت و کێ زۆرترین دەنگی هێنا بەگوێرەی ریزبەند و زۆرترین دەنگ، بکرێتە ئەندامی سەکردایەتی.
 
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی، 61 کەس دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی، تەنیا 51 هەڵدەبژێدرێن و ئەو 10 کەسەی دەمێنێننەوە، پێنجیان بۆ  کەسانی سیاسی و حکومی تەرخاندەکرێت و 5 کورسی بە بەتاڵی بۆ ئەو حیزبە و لایەنانەی دەمێنێتەوە کە دێنە نێو یەکێتی، ئەوەش پاش دیاریکردنی کەسەکان و رەزامەندیی سەرۆک، ئەندامانی مەکتەب سیاسی پەسندی دەکەن، کە ئەو خاڵەش ناکۆکیی لەسەرە. 
 
 
لە پەیڕەوی یەکێتی دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆکی حیزب دراوە 
 
ئەوانەی نزیکن لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی پێشوو ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی، هەروەها کەرکووکییەکان، پێیان وایە دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆکی حیزب دراوە، "ئەو دەسەڵاتەی بە سەرۆک دراوە، پێشتر بە مام جەلال نەدرابوو."
 
بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی بە سەرۆکی یەکێتی دراوە، "ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی رۆڵێکی باڵایان لە بڕیارەکانی حیزب نابێت"، ئەوە جگە لەوەی پێش کۆنگرە لەلایەن ماڵی مام جەلال و کوڕانی کۆسرەت رەسوڵەوە رێککەوتن لەسەر لیستێک بۆ ئەندامانی سەرکردایەتی کراوە، بەڵام لەگەڵ هاتنە نێو کۆنگرە ئەو لیستە گۆڕاوە، کە ئەوەش نیگەرانیی ماڵی کۆسرەت رەسووڵی لێکەوتووەتەوە. 
 
دیاریکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی بە لیستێکی "پێشتر ئامادەکراو، لەگەڵ حیزبێکی سۆسیال دیموکرات ناگونجێت،" بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرە لەگەڵ ئەوەدابوون هەر کەسێک دەیەوێت ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، خۆی بپاڵێوێت و بەگوێرەی دەنگدان هەڵبژێدرێت.
 
ئەوە لەکاتێکدا رۆژی شەممە 30-09-2023 دوای تەواوبوونی کارەکانی رۆژی چوارەمی کۆنگرە، پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێو کۆنگرە بە رووداوی گوت، "شتێکی زۆر ئاساییە ئەگەر گفتوگۆ لەبارەی مادەکان بکرێت، بۆیە مادەکان هێنراوەتە نێو هۆڵەکە بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، ناکۆکی نییە و ئەوەی ئێمە دەیبینین شتەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن."
 
لەبارەی میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە، پۆڵا سیروان تاڵەبانی گوتی، "سبەی کە گەیشتین بەو بڕگانە، ئەوەش رووندەبێتەوە، ئاساییە ئەگەر چەند لیستێک هەبن، ئەگەر یەک لیستیش هەبێت ئەوە هەڵدەبژێدرێت."
 
هاوکات سەعدی پیرە، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی بە رووداوی گوت،"بڕیار بە دەنگ دەدرێت، ئەوە نییە کورسی بەتاڵ دانرابێت و تەنیا سەرۆک بڕیار بدات، لەنێو یەکێتی شتی ئاوا نەبووە و قەت نابێت کەسێک بڕیار بدات بەبێ راوێژ."
 
پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق نەکراونەتە ئەندامی کۆنگرە
 
21ـی ئەیلوول، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بەڵێنی پێداون هەموو پەرلەمانتارانیان دەبنە ئەندامی کۆنگرە. 
 
رۆژی 27ـی ئەیلوول کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەستیپێکرد، هەموو پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کردنەوەی کۆنگرەکە وەک میوان بانگهێشتکرابوون، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ بەشێک لە پەرلەمانتاران گەڕاونەتەوە هۆڵی کۆنگرە و بەهۆی نەبوونی باج نەکراونەتە ژوورەوە، دواتر هاتنەژوورەوەیان لەلایەن سەرۆکی یەکێتیییەوە خراوەتە دەنگدان و ئەندامانی کۆنگرە رەزامەندبوون بە هاتنە ژوورەوەیان وەکو "ئەندامی چاودێر، واتا مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنیشمان نابێت، بۆیە بەشێک لە پەرلەمانتاران هەر نەچوونەتە ژوورەوە."
 
رووداو زانیویەتی، ئامادەنەبوونی پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لەکاتێکدایە "لە کۆنگرەی یەکێتی باسی سیاسەتی نوێی یەکێتی لە عێراق کراوە و جگە لە چەند پەرلەمانتارێک کە لە پاڵ پیشەی پەرلەمانتاری ئەندامی سەرکردایەتی بوونە، ئەوانی دیکە نەکراونەتە ژوورەوە یاخود وەکو چاودێر کراونەتە ژوورەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەوانە نوێنەرایەتی دەنگدەر و حیزبیش دەکەن."
 
"کۆنگرەی پێنجەم سێ ئاراستەی جیاوازی تێدایە"
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە رووداو دراون، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمی بووەتە سێ "ئاراستە"، ئەوانیش کەرکووکییەکان کە رەفعەت عەبدوڵڵا و ئاسۆ مامەند و ئەو کەسانەن کە لەگەڵیدان، ماڵی کۆسرەت رەسووڵ و مام جەلال تاڵەبانی و ئەو کەسانەی لەگەڵیاندان، کە هەریەکێکیان بە ئامانجی خۆیان پاڵپشتی کۆمەڵە کەسێک دەکەن. 
 
هەریەک لە مەحموود سەنگاوی، حاکم قادر، رێبوار جاف، حامیدی حاجی غالی شەوێک پێش کۆنگرە قسەیان لەگەڵدا کراوە بۆ ئەوەی ئامادەی کۆنگرە بن، بەڵام رەتیانکردووەتەوە، چونکە ئەوانیش کارنامەیەکیان نووسیووە و دراوەتە بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی واژۆی بکات، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، بۆیە ئامادەی کۆنگرە نەبوونە، بەڵام هەریەک لە کوڕانی مەحموود سەنگاوی و حامیدی حاجی غالی بەشدارییان کردووە. 
 
هەر ئەمڕۆ ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "زیاتر لە 40 مادە لە پەیڕەوی یەکێتی دەنگیان لەسەر درا و پەسندکران، ئەمەش بەڵگەی دیموکراسیێتی کۆنگرەکەمانە. سبەی ئەو مادانەی کە ماون دەکرێنە دەنگدان و پەسەند دەکرێن."
 
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە ئەندامی کۆنگرەیە، دوای تەواوبوونی کاری رۆژی چوارەمی کۆنگرەکە بە رۆژنامەنووسانی گوت، "کۆنگرە زۆر بە باشی تێدەپەڕێت، ئەمڕۆ تەواوی رۆژەکە گفتوگۆ لەسەر مادە بە مادەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کراوە و، نزیکەی 20 مادەیەک ماوە کە سبەی ئەوەی ماوە تەواو دەبێت."
 
رۆژی 27-09-2023 کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی دەستیپێکرد و بڕیار بوو سێ رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی دەنگدان و گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی پەیڕەوی یەکێتی، نەتواندراوە لەو ماوەیە هەمووی تەواوبکرێت و پەسەند بکرێت، بۆیە بۆ رۆژی یەکشەممە 01-10-2023 درێژکرایەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی شاری خۆی دوای لادانی تابلۆ کوردییەکە.

قایمقامی خۆی تابلۆیەکی کوردیی شارەوانیی کۆتۆل لادەبات

قایمقامی شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێ تابلۆیەک لە رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی کۆتۆل لادەبات کە شارەوانیی شارۆچکەکە بۆ بەخێرهاتنی خەڵک بە زمانی کوردی داینابوو.