نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغداوە: کەس تێیدا براوە نابێت

30-06-2022
شاد فاروق @shadfarooqh
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کلیلی ئارامی و چارەسەری کێشەکانی عێراقە و "کێشەکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نین و کەس تێیدا براوە نابێت."
 
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 30-06-2022 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ مارك برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏ له‌ كۆبوونه‌وەیاندا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و ئاڵەنگارییەکانی به‌رده‌م ‏پرۆسه‌ى سياسى، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆ و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ‏داهاتووى هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.‏
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگيى گه‌يشتنى هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان به‌ ‏لێكگه‌يشتن بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسى و پێويستيى ‏پاراستنى سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى له‌ وڵاتەکە، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ پێويستيى ‏باشتركردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌و وڵاتە كرده‌وه‌.‏
 
له‌باره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداوه‌، نێچيرڤان بارزانى دووپاتیكرده‌وه‌، "چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ‏فيدراڵیى عێراق، كليلى ئارامى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراقه‌ و ئاڵۆزكردنى كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هيچ لايه‌نێكدا نييه و كه‌س تێيدا براوه‌ نابێت‌.‏"
 
گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان له‌ به‌غدا، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ ‏بوارى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تاوان و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا، پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، چەند تەوەرێکی ديكه‌ى كۆبوونه‌وەكه‌ بوون.‏

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە