رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لە بەشێکیدا بەردەوامە. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت، کار لە یەکتربڕەکاندا دەکرێت و قیرتاوکردن وەستاوە.
ئەبوبەکر تەیب، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە بەشێکی بڕگەکانی پڕۆژەکەدا بەردەوامە، تەنیا قیرتاوکردن وەستاوە، ئەویش بەهۆی وەرزی باران و دابەزینی پلەی گەرمایە".
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە "ئۆتۆبانی بابان"یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و درێژییەکەی 34 کیلۆمەترە. ئەبوبەکر تەیب دەڵێت: "تاوەکو ئێستا 22 کیلۆمەتر و نیوی شەقامەکە قیرتاو کراوە".
بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە 7 یەکتر بڕ، 5 ئەندەرپاس، و چوار پرد و فلای ئۆڤەرێکی تێدەکەوێت.
ئەبوبەکر تەیب کە ئێستا فەرمانی خانەنشینبوونی دەرچووە و تاوەکو ئەمڕۆ کەس نەخراوەتە جێگەکەی ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن لە پرد و یەکتربڕەکاندا بەردەوامە و لە دوو یەکتربڕدا "کارەکان بە خێرایی و چڕیی دەکرێن".
ئۆتۆبانی بابان لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە چەند قۆناخێك جێبەجێ دەكرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ماوەی 1,100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ