گالەری

29-10-2023
21 Photos
هەژار جەوهەر
رووداو دیجیتاڵ

ئەشکەوتەکان لە کوردستان ئەگەر لە کۆندا پاڵپشتێک بووبن بۆ پاراستنی ژیانی هاونیشتمانیان بەگشتی و پێشەرمەگە بەتایبەتی، ئێستا بەشێکیان بوونەتە رووگەی گەشتیاران و شاخەوانان، لەوانەش ئەشکەوتی سناوە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
 
ئەشکەوتی سناوە یەکێکە لەو ئەشکەوتانەی بەوە دەناسرێت لە شۆڕشی ئەیلوولدا وەک نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان و هاووڵاتییان بەکارهاتووە.
 
ئەشکەوتەکە هەندێکجار بە ئەشکەوتی سەرگردیش ناوی دەبرێت، بە دووریی دوو کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری گوندی سناوە لە شارۆچکەی سکتانی سەر بە شاری کۆیە.
 
لەم ساڵانەی دواییدا، ئەشکەوتی سناوە کە لە دوو بەش پێکدێت، بووەتە رووگەیەکی گەشتیاران و شاخەوانان، ئەوان نەک تەنیا سەردانی دەکەن، بەڵکو چادر هەڵدەدەن و تێشیدا دەمێننەوە.
 
پێکهاتەی ئەشکەوتی سناوە بەجۆرێکە، بەشی یەکەمی، دەمی کراوەیە و وەک هەیوان دەردەکەوێت، درێژیی 10 مەتر و پانییەکەی 50 مەتر دەبێت، بەشی دووەمیشی 30 مەتر درێژە و دوو بۆ سێ مەتر بەرزە.