وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی سێ یەکەمەکان بە مەبەستی دامەزراندن بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت

29-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانی رەوانەی وەزارەتی دارایی کرد بەمەبەستی دامەزراندنیان. 
 
بەپێی نووسراوێک کە واژۆی ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرە، داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە ناوی ئەو دەرچووانەی بایۆمەترییان بۆ کراوە، رەوانەی بەغدا بکرێ بە مەبەستی دابینکردنی شایستەی دارایی بۆیان.
 
لیستی ناوی دەرچووانی سێ یەکەمەکان لەگەڵ ئەو نووسراوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە. د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لەسەر ئاستی بەش، لەسەر میلاکاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا دادەمەزرێنرێن." 
 
نووسراوەکە بە ژمارە 15925 لە 22-08-2024 دەرکراوە، ئاراستەی وەزارەتى دارایى و ئابوورى، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بودجە، بەڕێوەبەرایەتیى میلاکات کراوە.
 
رۆژی 03-06-2024 د. ئارام محەممەد رووداوی گوتبوو، ئەوەی لە ئەستۆی ئەواندا بێت، دەیکەن بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان. 
 
ناردنی ناوی سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 28-08-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ کرد. 
 
پێشووتر د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاندبوو، کە بەگرێبەستکردنی وانەبێژان لەسەر بودجەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە