لە هەڵەبجە گەنجێک لەسەر نووسینی کۆمێنت دەستگیر دەکرێت

29-06-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەنتەری میرۆ دەستگیرکردنی گەنجێکی هەڵەبجەیی لەسەر نووسینی کۆمێنت لە هەڵەبجە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لەسەر سکاڵای قایمقام گیراوە. قایمقامی هەڵەبجەش دەڵێت: من سکاڵام لەسەر تۆمار نەکردووە.
 
رۆژی شەممە 29ـی حوزەیرانی 2024، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیێندراوێکدا ناڕەزایەتی لە زیندانیکردنی گەنجێک لە شاری هەڵەبجە دەربڕی و رایگەیاند "ئەو گەنجە بەهۆی کۆمێنتێکی فەیسبووکەوە گیراوە." 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەنتەری میترۆ؛ "گەنجەکە ناوی بڕیار کەمال محەممەد ـە و لەدایکبووی ساڵی 1999ـیە. رۆژی چوارشەممە 26ـی حوزەیران لەسەر سکاڵای قایمقامییەتی قەزای هەڵەبجە گیراوە و کاتێک کەسوکاری داوایان کردووە بە کەفالەت ئازاد بکرێت، دادگە رەتیکردووەتەوە."
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە رەتیدەکاتەوە ئەو سکاڵای لەسەر ئەو گەنجە تۆمارکردبێت و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ "من سکاڵام لەسەر تۆمار نەکردووە، بەڵکو لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت کردوویانە، چونکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی نەشیاوی پێگوتوون." 
 
دوای ئەوەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە نانەواخانەکەی دادەخەن، گەنجەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو کاردانەوەیەک کۆمێنتی نووسیوە. سەنتەری میترۆ پێیوایە "ئەم جۆرە تووندکردنی سزایە لەسەر دەربڕین و گرتن لە رۆژانی کۆتایی دەوام، ئاماژەیەکی خراپ و مەترسیدارە لەسەر ئازادی و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو گەنجە و داخستنی دۆسیەکەی دەکات، چونکە زیندانیکردن لەسەر کۆمێنت مایەی نیگەرانی و پێشینەیەکی خراپە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە