راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییەکان: تائێستا 87 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە

30-06-2022
یوسف رابح
رێوڕەسمی ئایینی و ژەنینی دەف لە گوندی "قنێ" بۆ هەڵدانەوەی شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندەکە
رێوڕەسمی ئایینی و ژەنینی دەف لە گوندی "قنێ" بۆ هەڵدانەوەی شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندەکە
A+ A-
 
رووداو - شنگال

بە رێوڕەسمی ئایینی و ژەنینی دەف کەسایەتییە ئایینییەکان لەگەڵ سەدان کەس لە دانیشتووانی سنووری شنگال چوونە گوندی "قنێ" بۆ هەڵدانەوەی شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندەکە.
 
خالید خدر، کەسوکاری قوربانی دەڵێت، شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندەکەدان و هەڵیان دەدەنەوە، هیوای ئەوەیشی خواست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق "بەزووترین کات گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکەش هەڵبدەنەوە."
 
ئەلیاس خەلەف دانیشتووی گوندی "قنێ"یە لە باشووری چیای شنگال، ئەو خۆی شاهیدی تاوانەکانی داعشە لە گوندەکە و کوڕە 18 ساڵەکەی یەکێکە لە قوربانییەکانی گوندەکە و لە بەرچاوی خۆی گولـلەباران کراوە.
 
ئەلیاس خەلەف، کەسوکاری قوربانی ساتی هاتنی داعشی بۆ گوندەکەیان بۆ رووداو باسکرد و گوتی، لەسەر بەرزاییەک بوون کاتێک داعش چووتە نێو گوندەکەیان و "خەڵکیان هەمووی گرت و پێیان گوتن، ئاڵای سپی هەڵکەن هیچتان لێناکەین، دوای ئەوەی خەڵکیان هەمووی کۆکردەوە، هێنانیانە ئێرە و بە دەستڕێژی گولـلە هەموویانیان کوشت. من لە بەرزاییەکەوە سەیرم دەکرد، هیچ شتێکم لەدەست نەدەهات."
 
لە رێوڕەسمی هەڵدانەوەی شەش گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی "قنێ" کەسوکاری قوربانییەکان، کەسایەتییە ئایینییەکان و بەرپرس و دەزگا حکومییەکان ئامادە بوون، بە گوتەی راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییەکان، تاوەکو ئێستا لە شنگال 87 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
 
حسێن قاسم، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییەکان دەڵێت، بەپێی سەرژمێرییەکانی لای ئەوان تاوەکو ئێستا 87 گۆڕی بەکۆمەڵ دەستنیشان کراون و دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەش بەردەوامە، سەدان گۆڕی تاکیش لە سنووری شنگال هەن، ئەو زانیارییانەش لەسەر قسەی قوربانییە رزگاربووەکان و کەسوکاریان، تاوەکو ئێستاش 36 گۆڕی بەکۆمەڵ بەشێوەیەکی فەرمی هەڵدراونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە