گالەری

رووداو دیجیتاڵ
 
لە بەردەم باخی شاری هەولێر، لە پێشانگەیەکی تایبەتدا بە ناونیشانی "وەڵامی چەک بە قەڵەم" خۆشنووسان چەند تابلۆیەکی خستەڕوو.
 
پێشانگەکە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-1-2024، کرایەوە و 23 تابلۆی بە قەبارە و دروشمی جیاواز لەخۆگرتبوو.
 
خۆشنووس سابیر محەممەد سابیر، سکرتێری خۆشنووسانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەک هونەرمەند و خۆشنووسان لە رێگەی ئەو بەهرە هونەرییەی هەمانە، دەکرێت خزمەتی نیشتمان بکەین و هەر هاونیشتمانییەک دەتوانێت لە رێگەی کار و پیشەی خۆیەوە خزمەت بکات، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە ئێمەی خۆشنووسان دەتوانین لە رێگەی هونەرەکەمانەوە ناڕەزایی خۆمان دەرببڕین". گوتیشی، "پێشانگەکە وەڵامێکە بۆ هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر هەولێر".
 
سابیر محمد ئاماژەی بەوەکرد، ئەم پێشانگەیە بە هەماهەنگی بەشی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان رێکخراوە بۆ پێنج خۆشنووس؛ مەریوان پیرباڵ، پشتیوان مەعرووف، کۆژیار گەیلان، سابیر محەممەد و مەحموود یاسین.
 
کاژێر 11:30ی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی گیانیان لەدەستدا.