رووداو دیجیتاڵ
7 کۆڵبەر لە ناوچەی بەستامی سەقز لەنێو بەفردا گیریان خواردبوو و دوای رۆژێک رزگارکران، بەڵام یەکێک لەوان پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ (شەممە، 28-12-2024) فەردین مستەفایی، هاونیشتمانیی دانیشتووی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەو 7 هاونیشتمانییە چواریان خەڵکی سەقزن و سیانیان خەڵکی بانەن؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەواڵ درا کە گیریان خواردووە و تیمەکانی فریاگوزاری چوون بۆ رزگارکردنیان.
فەردین مستەفایی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو کۆڵبەرانە بەهۆی بەفر و سەرماوە لە چەمی بەستام گیریان خواردبوو، بەڵام توانیویانە تیمەکانی فریاگوزاری و خەڵک ئاگادار بکەنەوە."
بە هەوڵی تیمەکانی فریاکەوتنی سەقز و خەڵک، توانراوە ئەو 7 کۆڵبەرە رزگاربکرێن، بەڵام بەگوتەی فەردین "تەندروستیی دووانیان بەهۆی سەرمای زۆرەوە تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شیفای شاری سەقز کران، یەکێکیان کە ناوی ئیدریس نادرییە و خەڵکی گوندێکی بانەیە، پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
فەردین مستەفایی گوتیشی "بەهۆی ئەوەی تیمی فریاکەوتن لە ناوچەی بەستامەوە دوورە، هەر کاتێک رووداوێک رووبدات، دەبێت لە شاری سەقزەوە تیمی فریاگوزاری بگاتە ناوچەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ