ئەمڕۆ کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایێنێت. تێیدا ئەمیندار، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و دەستەی بەدواداچوون هەڵدەبژێردرێن و دەنگ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ دەدرێت.
بەهزاد زێباری، گوتەبێژی کۆنگرەی یەکگرتوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەژێر ناونیشانی "داهێنان و پێشەنگی" بەڕێوەدەچێت و 900 ئەندام تێیدا بەشداردەبن، لەو رێژەیەش 22.5%یان خوشکان دەبن و 77.5%یان لە پیاوان دەبن.
بە گوتەی گوتەبێژی کۆنگرەی یەکگرتوو، کۆنگرە چەند ئەرک و دەسەڵاتێکی هەیە لەوانە، پێشکێشکردنی راپۆرتی خولی حەوتەم لەلایەن ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پەسندکردنی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی حیزب کە 28 ماددە لەخۆدەگرێت، هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی، هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی باڵای چاودێری کە پێکدێ لە پێنج کەس و دوو کەسی یەدەگ و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە 43 کەس پێکدێت و رێژەی خوشکان لەو ژمارەیە لە 25%.
لە کۆنگرەی هەشتی یەکگرتوو، دوو بەربژێر بۆ پۆەکستی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو هەن، 19 بەربژێر بۆ ئەنجوومەنی دەستەی باڵای چاودێری و 16 کەسیش بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردراون، بەو شێوەیەش 27 کەس بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەمێننەوە کە 72 کەس خۆیان بۆ بەدەستهێنانی بەربژێرکردووە.
لەبارەی ئەوەی کێ دەتوانێت خۆی بەربژێر بکات بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، بەهزاد زێباری ئاماژەی بەوە کرد، هەرکەسێک تەمەنی سەروو 40 ساڵ بێت و بۆ دوو خول ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بووبێت دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی ئەمیندار بەربژێر بکات.
لەبارەی ئەو 16 کەسەی کە بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردراون گوتەبێژی کۆنگرەی یەکگرتوو ئەوەی خستەڕوو، ئەو 16 کەسەیش دەبێت کۆنگرە متمانەیان پێبدات.
ئەگەر پەیڕەو پەسندبکرێت لە کۆنگرەی یەکگرتوو، ئەوا بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی کۆنگرە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکە ئەمینداری یەکگرتوو هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان ئەو رێژەیان لە دەنگ بەدەستنەهێنا ئەوا لە خولی دووەمدا هەر بەربژێرێک زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا دەبێتە ئەمیندار.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005 یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان توانیی نۆ کورسی بەدەستبهێنێت، لە ساڵی 2009 ژمارەی کورسییەکانی بۆ شەش کورسی کەمیکرد، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ش کورسییەکانی بۆ 10 کورسی زیادیکرد، لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی 50% کەمیکرد، ئێستا هەمووان چاویان لە کۆنگرەی هەشتەمی ئەم حیزبەیە.
لە کۆنگرەدا سەرکردایەتی یەکگرتوو، بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەشدەبێت.
ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی لە بازنەکانی هەڵبژاردن:
- سلێمانی 19 ئەندامی سەرکردایەتی دەبێت، شەش بەرپرسی مەڵبەندکان یەکلایی بوونەتەوە، 13 کەسیش بەدەنگدان هەڵدەبژێردرێن، کە پێنجیان ئافرەتن.
- دهۆک 16 ئەندامی سەرکردایەتی دەبێت، شەش بەرپرسی مەڵبەندەکان یەکلایی بوونەتەوە، 10 کەسیش بەدەنگدان هەڵدەبژێردرێن، کە چواریان ئافرەتن.
- هەولێر شەش ئەندامی سەرکردایەتی دەبێت، چوار بەرپرسی مەڵبەندەکان یەکلایی بوونەتەوە، دوو کەسیش بەدەنگدان هەڵدەبژێردرێن، کە یەكێکیان ئافرەتە.
- کەرکووک دوو ئەندامی سەرکردایەتی دەبێت، بەرپرسی مەڵبەند یەکلایی بووەتەوە، کەسەکەی دیکەش بەدەنگدان هەڵدەبژێردرێت.

.jpg&w=3840&q=75)