گالەری

رووداو دیجیتاڵ

نوێژی پرسە لە کەنیسەی تاهیرەی گەورە لە حەمدانیە بۆ رۆحی ئەو کەسانە کرا، کە لە درەنگانی شەوی 26ـی ئەیلوول لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە گیانیان لەدەستدا.
کەسوکاری قوربانیان نوێژ و نزایان بۆ رۆحی ئازیزانیان کرد و ژن و پیاو بە گریانەوە ماڵئاواییان لێ کردن، لەنێو کەنیسەکەدا هەیانە بە برینداری هاتووە و هەشیانە وێنەی کەسی ئازیزی بەدەستەوە گرتووە. 
 
لەماوەی چەند چرکەیەکدا زیاتر لە 100 ئامادەبووی ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە هۆڵی هەیسەمی قەزای حەمدانیە لە درەنگانی شەوی 26ـی ئەیلوول گیانیان لەدەستدا. رووداوەکە ئەوەندە سەخت بوو، کە هەتاوەکو ئێستا بەشێکی تەرمەکان نەناسراونەتەوە و پێویستە پشکنینی DNAـیان بۆ بکرێت.
 
قەزای حەمدانیە، سەر بە پارێزگای نەینەوایە، ژمارەی دانیشتووانی 120 هەزار کەسە و زۆربەیان کریستیانن. لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزاکە لە ساڵی 2014، زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.