رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق دەڵێت، "بە شانازییەوە رایدەگەیێنین پرۆگرامی راهێنانی ژنان لەلایەن رووداو و UNFPA خەڵاتی ستیڤی بردەوە". جگە لەو خەڵاتە برۆنزییە، تۆڕی میدیایی رووداو دوو خەڵاتی زێڕینی ستیڤی بردەوە؛ یەکێکیان بۆ بەڵگەفیلمی "ساڵێک شەڕ" و ئەوی دیکە بۆ بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ.
رۆژی چوارشەممە 28-08-2024، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا بە شانازییەوە رایدەگەیەنێت کە پرۆگرامی مەشقپێدانی ژنان لەلایەن رووداو و UNFPA کە لەلایەن بەریتانیاوە پشتیوانی دارایی لێکراوە، خەڵاتی ستیڤی بۆ پرۆگرامی ساڵ بردەوە."
لە چەندین مانگی رابردوودا تۆڕی میدیایی رووداو و ئاژانسی سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) پرۆگرامێکی هاوبەشیان بۆ راهێنانی رۆژنامەڤانیی کچان و ژنان هەبوو.
رۆژی 24-08-2024، دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی لە ئەمریکا ناوی تۆڕی میدیای رووداوی وەک براوەی سێ خەڵات راگەیاند، کە دووانیان زێڕین و یەکێکیان بڕۆنز. پڕۆگرامە هاوبەشەکەی رووداو و UNFPA خەڵاتی بڕۆنزی بەدەستهێنا.
لیژنەی پسپۆڕانی خەڵاتی ستیڤی، ئەو پرۆگرامەی رووداویان بە شایانی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە زانی، چونکە دەڵێن "هەنگاوێکی یەکجار گەورەیە، لەبەرئەوەی یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی لەو جۆرەیە لەنێوان میدیایەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەتەوە یەکگرتووەکان."
تاوەکو ئێستا 159 ژن و کچ بەشدارییان لە پڕۆژە هاوبەشەکەی رووداو و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەڤانانی ژن کردووە. پڕۆژەکە بەردەوامە و ئەم ساڵ 300 ژن بەشداریی تێدا دەکەن.
بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ)ـی رووداو و بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵیش دوو خەڵاتی زێڕینی ستیڤییان بردەوە.
بەڵگەفیلمەکەی رووداو کاریگەری ساڵێک دوای دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکراینا نیشاندەدات. لیژنەکە لە پەسنی بەڵگەفیلمەکەدا گوتی، "ئەم کارە بە عەشقەوە کراوە. دەزانین وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی چەند قورس بووە. بەڵگەفیلمێکی زۆر باشە و پێویستە هەموو کەسێک بیبینێ".
لیژنەکە هەروەها لەسەر کارەکانی بڕوا کیانی گوتی، "روانینە ستراتیژییەکەی و سەرکردایەتیکردنەکەی گوڕێکی بەهێزی داوەتە بەشداریی رووداو لە دنیای دیجیتاڵی دا. ئەو وایکردووە رێژەی بینینی پۆستەکانی رووداو لە 70 تاوەکو 80 هەزار کەسەوە بگەیێنێتە 500 هەزار تاوەکو 600 هەزار و لە فەیسبووکیش وابکات رووداو یەک میلیارد بینینی هەبێت".
خەڵاتەکانی ستیڤی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەنێوبانگ و بەهادارن. بەشێک لەو میدیایانەی پێشتر خەڵاتەکەیان بردووەتەوە بریتین لە سی ئێن ئێن، ئێن بی سی، بلوومبێرگ و جەزیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ