دانیشتووانی گوندێکی سلێمانی بە وزەی خۆر کارەبا بۆ ماڵەکانیان دابین دەکەن

01-09-2023
پێشەوا بەختیار
سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە چوار ساڵە لە گوندەکە بەکاردەهێندرێت. وێنە: رووداو
سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە چوار ساڵە لە گوندەکە بەکاردەهێندرێت. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

لە گوندی هەزارمێرد لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دانیشتووانی گوندەکە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ماڵەکانیان بەکاردەهێنن؛ رۆژانەش لانیکەم 12 بۆ 15 کاژێر کارەبایان لە رێگەی وزەی خۆرەوە دەستکەوێت.
 
ئاکۆ تاڵیب، دانیشتووی گوندی هەزارمێرد دەڵێت، "کە کاژێر 04:00 کارەبا دەبڕا یەکسەر لە گەرما خەبەرمان دەبووەوە، ئیدی دەبوو هەستین بڕۆین موەلیدە هەڵبکەین و یەڵڵا ئیش ناکات و گاز نەما و دەنگی زۆر بوو؛ بەڵام ئێستا نەجاتمان بووە. منداڵەکەم تەمەنی یەک ساڵ و دوو مانگە، کە کارەبا دەبڕا تاوەکو موەلیدەم هەڵدەکرد لە گەرما خەبەری دەبووەوە، بەڵام ئێستا تاوەکو کاژێر 10:00 دەخەوێت و هەڵناسێت، چونکە فێنکە."
 
موەلیدەی ماڵەکانی هەزارمێرد بەشێکیان چوار ساڵە دەنگیان لێوە نەهاتووە و هیچ کارەبای بەرهەم نەهێناوە، چونکە هەر 26 ماڵی گوندەکە، لە رێگەی وزەی خۆرەوە کارەبا بەرهەم دەهێنن، ئەوانەشی سیستمەکەیان نییە، لە ماڵێکی دیکەوە کارەبایان پێدراوە.
 
بەرهەم غالب لە گوندەکەیان کاری ئاژەڵداری دەکات و دەڵێت، لەوەتەی ئەو سیستمە بەکاردەهێنن، رزگاریان بووە، "من پانکە و گڵۆپ و موبەریدەی گەورە و گسکی کارەبایی و موبەریدەیەک لە خوارەوە بۆ گەوڕەکە و هەموو ئەمانەی ئیش پێدەکەم، کێشەی نییە و زۆر باشە."
 
سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە چوار ساڵە لە گوندەکە بەکاردەهێندرێت، کە هەر ماڵەیان هەشت تاوەکو 20 ئەمپێر کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، کە تێچووەکەی لە 2000 بۆ 4000 دۆلارە؛ بەپێی قەبارەی بەرهەمهێنان لە سیستمەکە تاوەکو پێنج بۆ حەوت ساڵ هیچ تێچووییەکی دیکەی نییە و دواتر تەنیا باترییەکانی بە نیوەی تێچووی سەرەتا دەگۆڕدرێت.
 
هەردی بازیانی، خاوەنی کۆمپانیای سۆلارپەناڵ دەڵێت، "ئێستا لە گوندەکان زیاتر خواست لەسەر دانانی تاقەشەمسی هەیە، چونکە کێشەکەیان ئەوەیە وەکو گەڕەک و شار نییە موەلیدەیان هەبێت، بۆیە زۆرتر دایدەنێن."
 
گوندی هەزارمێرد دەکەوێتە دووریی 13 کیلۆمەتر لە باشوور رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی، رۆژانە کەمتر لە 12 کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".