وەزیری دارایی: بەغدا پارە بنێرێت پێش جەژن مووچە دابەشدەکەین

28-07-2020
بەهێز کامیل
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان. وێنە: پەرلەمانی کوردستان
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان. وێنە: پەرلەمانی کوردستان
نیشانەکردن مووچە جەژن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەرجێک دەتوانن مووچە لەپێش جەژن دابەشبکەن، ئەگەر بەغدا پارە بنێرێت. وەزیری هەرێمیش بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەڵێ، دوای جەژن شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا و پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەیە.

کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د.ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی  پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

بەشێكی پرسیاری پەرلەمانتاران و داواکاریشیان لە وەزیری دارایی ئەوەبوو، کە ئایا دەتوانن مووچە لەپێش جەژنی قوربان دابەشبکەن یاخود نا؟. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەو پرسیارەی ئاراستەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری کرد. ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "بە شەرتی ئەوەی بەغدا پارە بنێرێت، بەڵێ".

هەر لەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بە پەرلەمانتارانی کوردستانی راگەیاند، دوای جەژن شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا. گوتیشی "پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دروستبووە و لێکتێگەیشتنی نوێ هەیە و هەواڵی تازەمان پێگەیشتووە".

لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمان تاوتوێکرا سەبارەت بە رەوشی دارایی هەرێمی کوردستان. بەپێی راپۆرتەکە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2020ی عێراقدا و ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە ، تریلیۆنێک و 759 ملیار دینار بووەو بە چوار بەش لە بەغداوە نێردراوە. هەر جارێک لەو پارەیە 11 ملیار و 880 ملیۆن دینار دراوەتەوە قەرزی بانکە ئەهلییەکان و کۆی گشتیی ئەو پارەیەی دراوەتەوە بانکە ئەهلییەکان لەو چوار جارەی کە عێراق بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە  47 ملیار و 520 ملیۆن دینار بووە. بۆیە پوختەی پارەی هاتوو، تریلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دینار بووە، واتە دوای دەرهێنانی پارەی بانکە ئەهلییەکان.

بەپێی ئەو راپۆرتەی لیژنەی دارایی ئامادەی کردووە ، بەغدا سێ جار 453  ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، جارێكیش تەنیا 400 ملیاری ناردووەو دوو مانگیشە بەغدا هیچ پارەیەکی نەناردووە. ئەو پارەیەی بەغدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ناردوویەتی، 959 ملیار دینار کەمترە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، واتە ساڵی رابردوو زۆر زیاتر هاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە