بیری عەلۆ عەنتەر لە تەلەعفەر هەڵدەدرێتەوە؛ سەدان رووفاتی کوردانی ئێزدیی تێدایە

28-05-2024
عەدلە بەکر
لەیلا شەمۆ، ژنێکی رزگاربووی دەستی داعشە
لەیلا شەمۆ، ژنێکی رزگاربووی دەستی داعشە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە هەڵدانەوەی بیری عەلۆ عەنتەر لە تەلەعفەر. داعش لە ساڵی 2015 سەدان کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و فڕێیدانە نێو بیرەکەوە. 
 
لەیلا شەمۆ، ژنێکی رزگاربووی دەستی داعشە. 50 کەس لە کەسوکارەکەی بوونەتە قوربانی و بە گریانەوە دەڵێت، چاوەڕوان بوو بە زیندوویی بگەڕێنەوە نەک رووفاتەکانیان ببینێت.
 
لەیلا شەمۆ بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ناخۆشترین رۆژی ژیانمە. 10 ساڵە چاوەڕوانی کەسوکارەکانمان دەکەین. ئومێدمان هەبوو بە زیندوویی بگەڕێنەوە. نەمانزانی خوشک، برا و ئەزیزانمان لەنێو ئەم بیرەن. داوا دەکەین بە زووترین کات رووفاتەکانمان بدەنەوە".
 
دەیان ژنی کوردی ئێزدی بە شین و گریانەوە چاوەڕێی کاری تیمەکانیان دەکرد. فاتمە ئیسماعیل، کەسوکاری قوربانییان گوتی: "ماڵمان خراپ بوو، هەموویان هێنا لێرە کۆمەڵکوژیان کرد. هەندێکیان بردە سووریا، هەندێکیان بردە موسڵ و ماڵمان خراپ بوو".
 
سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە بە رووداوی گوت، چاوەڕوان دەکەن کارەکانیان دوو مانگ بخایێنێت.
 
ئەحمەد قوسەی رایگەیاند، "دەستمان بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە کردووە، دواتر رووفاتەکان رادەستی پزیشکی دادی بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی ناسنامەکانیان ئاشکرا بکرێن و پشکنینی خوێن بۆ کەسوکارەکانیان بکرێن. بیری عەلۆ عەنتەر یەکێکە لە بیرە مەترسیدارەکان. بەهۆی قووڵیی بیرەکە و ماری ژەهراوی، رەنگە دوو مانگ یان زیاتر خەریکی کارەکە بین".
 
بیری عەلۆ عەنتەر دەکەوێتە سنووری قەزای تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا. چاوەڕوان دەکرێت سەدان رووفاتی کوردانی ئێزدیی تێدابێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە