رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمهێنەرێکی فیلم کە بە رەچەڵەک ئەرجەنتینییە بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی دوو میوزیکژەنی شنگال بەرهەمدەهێنێت کە وانەی میوزیکیان بە سەدان قوتابی گوتووەتەوە.
دەرهێنەرەکە ناوی پابلۆ تۆسکۆیە و رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی ئینگلیزی راگەیاند، ئەو دوو گەنجە کوردی ئێزدیی شنگالن و بەهۆی هێرشی داعش لە ساڵی 2014 شنگالیان جێهێشتووە، بەڵام دواتر گەڕاونەتەوە تاوەکو وانەی میوزیک بە خەڵک بڵێن.
بە گوتەی گانی میرزۆ، کە کوردێکی سووریایە و دامەزراوەکەی بە هاوکاریی میوزیکژەنانی بێسنوور پەیمانگەیەکی بۆ ئەو دوو مامۆستایە لە شنگال بنیاتناوە و ناوی لێناوە پەیمانگەی میرزۆ، مامۆستاکان وانەی میوزیکیان بە زیاتر لە 350 قوتابی گوتووە. پەیمانگەکەش لە ساڵی 2019 دامەزراوە.
پابلۆ ئاماژەی بەوە کرد، دەیەوێت لە رێگەی بەڵگەفیلمەکەیەوە ژیانی رۆژانەی ئەو دوو میوزیکژەنە لەنێو "کۆمەڵگەیەکی رووخاودا" پێشان بدات کە چۆن دەیانەوێت لە رێگەی میوزیکەوە ژیانی خەڵکەکەی بنیاتبنێنەوە.
ئەو بەرهەمهێنەری فیلمە هەر خۆی کاری دەرهێنان بۆ بەڵگەفیلمەکە دەکات. وەکو ئەو بە رووداوی گوت، مامۆستاکان تێیدا باسی ژیانی خۆیان لە پێش هاتنی داعش و دوای داعش دەکەن.
