وردەکاریی 'هێرشی سەر مزگەوتەکەی شنگال'؛ میری ئێزدیان دەڵێت: لە ئەخلاقی ئێمەدا نییە

28-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شنگال خۆپێشاندانێک لە دژی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە کە کوردانی ئێزدی دەڵێن، "هاوکاری داعشن" ئاڵۆزی لێکەوتەوە. بەشێکی لایەنە ئیسلامییەکان دەڵێن، لەو چوارچێوەیەدا هێرشکراوەتەسەر مزگەوتێک، بەڵام میری ئێزدیان ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: لە کاتی هێرشەکانی داعش دەرگەی مزگەوتەکان بۆ ئەوان کراوەبوون و لە ئەخلاقی ئەواندا نییە هێرشی بکەنە سەر مزگەوت.
 
لەسەر ئاڵۆزییەکانی دوێنێ پێنجشەممە 27ـی نیسانی 2023 لە شنگال، مەڵبەندی نەینەوای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "چەند کەسێکی تووندڕەوی پێکهاتەی ئێزدی هێرشیان کردووەتەسەر مزگەوتی رەحمان لە شنگال بە بیانووی بێ مانا، ئێمە بە تووندی ئەم تاوانە ریسوا و شەرمەزار دەکەین."
 
بەڵام میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان رەتیکردەوە لە شنگال هێرش کرابێتە سەر مزگەوت و رۆژی هەینی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی گوت: "هەواڵی هێرشکردنەسەر و سووتانی مزگەوت لە شنگال بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە، ئەوە ئەخلاقی ئێمە و ئێزدیی نییە هێرش بکەینە سەر مزگەوت."
 
میری ئێزدییان دەڵێت، کاتێک داعش هێرشی سەر شنگال و ئێزدییەکانی کردووە و موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەکانیان بۆ کردوونەتەوە و کەمتەرخەمییان نەکردووە. جەخت دەکاتەوە: "ئەوە لە ئەخلاقی ئێزدییەکان و میری ئێزدییدا نییە مزگەوت بسووتێنین و هێرشی بکەنەسەر. فەرماندەی فیرقەی شنگالیش جەختیکردووەتەوە کە هیچ مزگەوتێک نەسووتێندراوە."
 
بەپێی چەند وێنە و ڤیدیۆیەک کە لەکاتی رووداوەکەدا و لە نزیک مزگەوتی رەحمان لە شنگال تۆمارکراون، دەردەکەوێت، ئاگرێک لە نزیک دیواری مزگەوتەکە کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە. هاوکات چەند کەسێکیش بەرد دەگرنە مزگەوتەکە و بە شەق لە دەرگەکانی دەدەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، ئەوان دۆخەکە بە "مەترسیدار" دەبینن بۆ تێکدانی نێوان موسڵمان و ئێزدییەکان لە ناوچەکەدا. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراقی و خۆجێیی نەینەوا دەکەن "ئەو تاوانبارانە دەستگیر بكەن و رێگە بە هیچ فیتنەیێک نەدەن ببێتە هۆکاری دروستبوونی گرژی یان تێکدانی دۆخی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان."
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، خەیری بۆزانی، راوێژکاری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە شنگال بەهیچ شێوەیەک هێرش نەکراوەتە سەر مزگەوت؛ خۆپێشاندان دژی گەڕانەوەی ئەو عەرەبانەی کە دەستیان هەبووە لە تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی کراوە، خۆپێشاندانەکە سەری کێشاوە بۆ تووندوتیژی و لە نزیک ئەو مزگەوتە بووە."
 
بۆزانی جەختیکردەوە، کە هیچ بەرنامەیەکی ئاراستەکراو بۆ هێرشکردنە سەر مزگەوت نەبووە و نابێت.
 
دوێنێ خۆپێشاندانێکی ناڕەزایی لە شنگال بەڕێوەچوو کە ئێزدییەکان دەڵێن، هەوڵی گەڕانەوەی ئەو عەرەبانە دەدرێت کە "هاوبەشی داعش بوون،" بۆ ئەوەش داوایان لە سوپای عێراق کرد بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدەن بە گەڕانەوەی ئەو عەرەبانە و گوتیشیان، ئەوانیش بەهیچ شێوەیەک گەڕانەوەیان قبووڵ ناکەن و داوایان کرد، "با حکومەتی عێراق کار بکات بۆ گەڕانەوەی کوردانی ئێزدیی لە کەمپەکان، نەوەک گەڕانەوەی ئەوانەی هاوبەشی داعشبوون."
 
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، 40 خێزانى ئاوارەى عەرەب گەڕاونەتەوە شنگال، یەکێک لە ئەندامانى ئەو خێزانانە لەلایەن کوردانى ئێزدییەوە ناسراونەتەوە، کە گوایە ئەوکاتەى داعش شارەکەى کۆنترۆڵ کردووە، هەڕەشەی لە ئێزدییەکان کردووە؛ ئەو کەسە ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراوە.
 
ناڕەزایەتییەکان لە شنگال لەدواى ئەوە بوو کە لە 18ى نیسان کەمپى جەدعەى پێنج لە موسڵ داخرا، کە تایبەت بوو بە کەسوکارى چەکدارانى داعش. 
 
عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە رووداوى راگەیاند ئەو ئاوارە عەرەبانەى گەڕاونەتەوە شنگال ئەوانە نەبوون کە لە کەمپى جەدعە بوون، کەمپى جەدعە هیچ کام لە ئاوارە عەرەبەکانى شنگالى تێدا نییە، بەڵکو ئەوانە بوون کە ئاوارەى موسڵ و هەرێمى کوردستان بوون.
 
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بۆ رووداو، لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەورووبەری لە 3ـی ئابی 2014، نزیکەی 360 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون و پێنج هەزاریش لەلایەن داعشەوە "شەهید کراون". هەروەها بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی شنگالەوە تەنیا 20%ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، نزیکەی 550 هەزار ئێزدی لە عێراق دەژین، بەهۆی شەڕی داعشەوە نزیکەی 360 هەزاریان ئاوارە و کۆچبەر بوون؛ ئێستاش 135 هەزار و 860 یان لە کامپەکانی دهۆک دەژین و 189 هەزار و 337 کەسیان لە دەرەوەی کامپەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەژین، هەروەها 120 هەزار کوردی ئێزدیش چوونەتە دەرەوەی وڵات.
 
داعش 6417 کوردی ئێزدیی رفاند. 3548یان مێ بوون، 2869یان نێر بوون، لەوانەش 3562یان رزگار کراون، کە 1207یان ژن بوون و 339یان پیاو بوون، هاوکات 1059 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕیش رزگار کراون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سۆران عومەر و لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی.

وەزارەتی تەندروستی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "بێ ئاگا قسەی لێ دەکات"

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی تەندروستیی دەڵێت، "بەداخەوە ئەم بەڕێزە بێ ئاگا قسەی لێ دەکات".