رووداو ــ بەردەڕەش
لەسەر پارچە زەویەكی مولكی گشتی لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش سەردار شیخ یەحیا قایمقام و بەیار موسا سەرۆكی شارەوانی بەپێی ماددەی 330 لە یاسای سزادانی عیراقی لەلایەن دادگاوە بانگێشت دەكرێن و تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەش قایمقام نەچووەتە بەردەم دادگا.
پاش ئەوەی دوو هاولاتی بەردەرەش كە جیرانی یەكترن لە سالی 1997 لەسەر پارچە زەویەك دەبێتە كێشەیان و بەرێوەبەری ناحیەی ئەو كاتی بەردەڕەش و تاكو دوا قایمقام كێشەكە بە هەلواسراوی دەهێلنەوەو بڕیار نادەن كە ئەو پارچە زەوییە بۆ كێ بێت.
لەماوەی رابردوو قایمقامی قەزای بەردەڕەش و ئەنجوومەنی شارەوانی بڕیار لە بەرژەوەندی یەكێك لەو هاولاتیانە دەدەن و شارەوانی گشتی دهۆكیش ئاماژە بەوە دەكات كە بڕیارەكە نایاسی یە بەهۆی ئەوەی قایمقام و ئەنجوومەنی شارەوانی بۆیان نی یە لە خۆیانەوە زەوی بدەن بە هیچ كەسێك. پێش یەكلای بوونەوەی بڕیارەكە یەكێك لە هاولاتیەكان لە دادگا سكالا تۆمار دەكات و پاش پێداچوونەوەی ورد دادگای بەرایی بەردەڕەش بەپێی ماددەی 330 لە یاسایی سزادانی عیراقی بانگێشتی قایمقامی كردووە بۆ چوونە بەردەم دادگا.
سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی بەردەڕەش بە رووداوی گوت بە فەرمانی دادوەر ئەوان ئاگاداری قایمقامی قەزای بەردەڕەش سەردار شێخ یەحیا یان كردووە بەلام تاكو ئێستاكە ناوبراو لەبەر دەم دادگا ئامادە نەبوو.
سەرچاوەیەك لە دادگای بەردەڕەشیش جەختی لەوە كردەوە قایمقام و سەرۆكی شارەوانی لەگەڵ چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارەوانی بەپێی ماددەی 330 لە یاسایی سزادانی عیراقی كە بەكارهێنان و ئیسغلال كردنی پۆستە تۆمەتبارن.
عەونی قەچۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی بەردەڕەش كە ئەویش لەسەر بڕیارەكە تۆمەتبارە ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوان وەكوئەندامانی ئەنجوومەن بۆ بڕیار دان لەسەر ئەو پارچە زەوییە لە ژووری قایمقام كۆ بوونەوەكە كرا و بڕیار درا زەویەكە بدرێت بە نەسرین سەید ئەمین، ونووسراوەكەمان بۆ دهۆك بەرزكردەوە دهۆكیش بە ئێمەی گوت سەلاحیاتی ئێوە نی یە زەوی بە خەلك بدەن بۆیە دووبارە نووسراومان كردەوە كە پێدانی زەویەكە را بگیرێت و لە پاش ئەو بڕیارە ئێمە بانگێشتی دادگا كراین و من خۆم چوومە بەردەم دادوەر بە بڕیاری دادگا بە كەفالەت ئازاد كرام.
ئەندازیار بەیار موسا، سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەش كە ئەویش تۆمەتبارە لە كەیسەكە بە رووداوی راگەیاند لەسالی 1997 كێشە لەنێوان دوو هاوتی بەناوەكانی نەسرین ئەمین حەیدەر و ئەكرەم ئیسماعیل دروست بووە، دیارە نەسرین ئەمین حەیدەر لە دهۆك مامەلەی تقدیم كردیە كە ئەو زەویە لەسەر ئەو تاپۆ بكرێت بەلام هاولاتی ئەكرەم ئیسماعیل تەشقەلەی پێ دەكرد كە ئەوە زەوی ئەوە بۆیە كێشە لەنێوانیان هەبوو، ئەنجوومەنی شارەوانیش بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكە كە مافەكە دیاری بكەن هی كێ یە و هی كێ نی یە پاش دەركردنی بڕیارەكە ئەو دوو هاولاتیە پێك نەهاتن و پەنایان بردە بەردەم دادگا و ئەوەبوو لەسەر ئەو كێشەیە دادگا داوای لەسەر من و قایمقام و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی كردەوە و دادگا دەزانێت بۆچی ئەو دۆسیەی كردۆتەوەو ئێمە نازانین و ئەولیاتی كێشەكە هەمووی لە پارێزگای دهۆكە و لەسەر داوای دادگا سەرجەم ئەولیاتەكە هینراوەتە دادگای بەرایی بەردەڕەش.
سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەش دەڵێت ئێمە سەیرمان پێ دێت دوو هاولاتی لەنێوان خۆیان كێشەیان هەیە و هاوڵاتی نەسرین ئەمین ئەولیاتی هەمووی مەوجوودە نازانم بۆچی دادگا ئێمەی تۆمەتبار كردووە.سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەش گوتی ئەو هاولاتیانە بە بڕیاری دادگا قایل نەبوون بەهۆی ئەوەی نەسرین لە سالی 1997 سەر پێچی كردووە لە پارچە زەویەكە بۆیە ئەكرەم تەشقەلەو رێگری پێ دەكات و پێم وابیت ئەو بابەتە گەورە كراوە دەنا بۆخۆی ئێمە تەنها وەكو شایەت حالێك بانگێشتی دادگا كراوین و ئەو كێشە لەبەر ئەوە دروست بوو چونكە 97 فایلی سەرپێچی لە دهۆك راگیراوە بۆیە ئەو بڕیارە دەركرا.
سەرۆكی شارەوانی گوتیشی ئەوان هەموو سەرپێچی یەكیان داوەتە دادگا بە تایبەت ئەوانەی لەنێو سنووری شارەوانی یە و گوتیشی " هەمیشە ئەوان دژی سەرپێچی بوونە و لەسەر سەرپێچی كردن تاكو ئێستاكە ئەوان نزیكەی 30 كەسیان داوەتە دادگا" بە گووتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەردەڕەش پێش تۆمەتبار بوونی قایمقام و سەرۆكی شارەوانی سەرپێچی زۆر دەكرا لەلایەن خەلك و زەوی بە چەندین خەلك دراوە بە سەرپێچی جگە لە مۆلكی زراعی كە چەندین كارگەو مەزرەعەی لەسەر دروست كراوە پاش ئەو هەلمەتە كە بەرپرسەكان لە دادگا تۆمەتبار بوون ئینجا بۆ كرینەوەی هەلەكان و سەرپێچی یەكانی خۆیان كۆمەلێك سەرپێچی كەریان دایە دادگا.
ئەكرەم ئیسماعیل، كە یەكێكە لەو هاولاتیانەی خاوەن كێشە كە بەهۆیەوە بەرپرسەكانی بەردەڕەش لەدادگا پێوەی تۆمەتباربوونە بە رووداوی گوت من و باوكی نەسرین واتە سەید ئەمین جیرانی یەكترین و پارچە زەویەكی سەكەنی كە 330 مەترە لە نزیك هەردووكمانە لە سالی 1997 باوكی نەسرین واتە سەید ئەمین حەیدەر ویستی ئەو زەویە بكاتە خانوو كە لە بەردەم مالی مندایە و سالانێك بوو من ئۆتۆمبیل و تراكتۆرم لێی را دەگرت و زەویەكە لەمن نزیكە نەك لە سەید ئەمین كاتێك داوای زەویەكەی كرد من رازی نەبووم و پێم گوت ئەو زەویە مولكی حكومەتە و هی كەسمان نی یە و لە مالەكەی من نزیك ترە نەك هی تو ئەگەر حكومەت سەنەدی پێ دای با بۆ تۆ بێت. ئەكرەم گوتیشی من هیچ سكالام تۆمار نەكردووە لە دادگا بەلكو سەید ئەمین بەخۆی سكالای كرد و بەو هۆیەشەوە قایمقام و سەرۆكی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەن تۆمەتبار بوون لە دادگا.
ئەكرەم گوتیشی سەید ئەمین ویستی لە رێگای كچەكەی ئەو زەویە بۆخۆی مسۆگەر بكات بۆیە بەناوی كچەكەی كرد و بۆ ئەو مەبەستەش زەختێكی زۆری لە قایمقام و سەرۆكی شارەوانی كرد تاكو بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ئەو بدەن و كاتێك سەید ئەمین ئەو زەویەی بەناوی كچەكەی نەسرین كرد كچەكە لە مووسل بوو هەر لە بەردەڕەشیش نەبوو. ئەكرەم گوتیشی سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەش و بەرپرسان لە شارەزاییان لە یاسا نەبوو بۆیە كەوتنە بەردەم لێكۆلینەوەی دادگا، من بە بڕیاری دادگا رازەیم و بەهیچ شێوەیەكیش قبول ناكەم ئەو زەویە بۆ سەید ئەمین بێت یان بۆ كەسمان نەبێت یان بۆ ئەویش نەبێت.
هاوكات كەریم سەید ئەمین كە دەكاتە برای نەسرین بە رووداوی گوت ئەو زەویە بە بڕیاری لە بەشی مولكی پارێزگای دهۆك بڕیاردرابوو لەسەر خوشكم تاپۆ بكرێت و لەسەر ئیمزای بەهزاد عەلی ئادەم مابوو وەكو جیگری پارێزگار بەلام ئەو ئیمزای نەكرد چونكە لە شارەوانی بەردەڕەش تەزویرێك كرابوو بۆیە زەویەكە راگیرا و شارەوانی لە چەند سالی پێشوو لایەنگری ئەكرەمی كرد. كەریك سەید ئەمین گوتی بەم دواییە قایمقام بڕیاری دا ئەو زەویە بۆ ئێمە بێت و لە هەندێك لایەن هەڕەشە و فشاریان كرد لە قایمقام بۆیە ئەویش گوتی جارێ راوەستن.
كەریم گوتی كەسێك لە دادگا بەناوی دادگاوە بە قایمقامی گوتبوو زەویەكە رابگرن و لە كاتێكدا من بە فەرمانی سەرۆكی شارەوانی و قایمقام بلۆكم هێنا بۆ ئەوەی ئاوەدانی بكەم بەلام لێمان نەگەڕان و دواتر قایمقام گوتی تا كاتێكی تر راوەستن. سەبارەت بە گرفتی نیوان ئەو دوو هاولاتیە بەیار موسا سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەش گوتی ئێمە لایەنگیری هیچ كەسمان نەكردووە لەنێوان ئەو دوو هاولاتیە و لە ئێستادا كێشەكە لە دەست ئێمە دەرچووەو دادگا بڕیار دەدات.
سەبارەن بەو كێشەیە رووداو ئاگاداری قایمقامی قەزای بەردەڕەشی كردووەو ناوبراو بێ ئاگای خۆی دەربڕی لەوەی كە بانگێشتی دادگا كرابێت و گوتیشی دواتر پرسیار دەكەم و وەلامتان دەدەمەوە و پاش ئەو قسانە دوای چەندین جار تەلەفۆن كرد و ناردنی نامە شێخ سەردار شێخ یەحیا شێخ عەبدولعەزیز وەلامی پەیوەندیەكانی نەدایەوە. سەرچاوەیەكیش بۆ رووداو ئەوەی ئاشكرا كرد كە تاكو ئێستاكە قایمقامی بەردەڕەش لەرێگای خۆیەوە چەندین پارچە زەوی تری لەو شێوەی بە هەندێك كەس داوە.



