گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی سێشەممە ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و بەپێی خەمڵاندنەکان، رەنگە زیانی ملیۆنان دۆلاری لە خاوەن دووکانەکان دابێت. 
 
تاوەکو ئێستا بەرگریی شارستانی هۆکاری ئاگرەکەی بە فەرمی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بە گوتەی شایەتحاڵان، ئاگرەکە لە دووکانێکی جلوبەرگەوە دەستیپێکردووە. 
 
تیمێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوی کەوتنەوەی ئاگرەکەی لەنگەی هەولێر دەکات. بەرپرسێکی کارگێڕی دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی ورد لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و دەنگۆی دزیکردن لە دووکانەکان دەکەن.
 
لەدوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە وردە وردە زیانەکان زیاتر دەرکەوتن، خاوەنی دووکانێک کە بژێویی چوار خێزانی لەسەرە و هەمووی بەهۆی ئاگرەکەوە بووەتە خەڵووز، بە چاوی پڕ گریانەوە گوتی، بە بەهای نزیکەی 50 بۆ 60 هەزار دۆلار کاڵایان سووتاوە، چونکە بە بۆنەی رەمەزان و نەورۆزەوە کەلوپەلیان کڕیبوو. 
 
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە لە کاتی رووداوەکەدا دزی لە بەشێک لە دووکانەکان کراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکردووە، هەر کەسێک دزی کردبێت، رووبەڕووی دادگە و سزای یاسایی دەکەنەوە.