شەڕی باڵیۆزەکان و کاردانەوەی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ مەسجدی

28-02-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن شەڕی باڵیۆزەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، بابەتی رێزگرتن لە خاکی عێراق ناکۆکی خستە نێوان باڵیۆزانی تورکیا و ئێران لە بەغدا. دواتر تورکیا باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد، پاشان ئێرانیش باڵیۆزی تورکیا لە تاران بەهۆی قسەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا کە "ئێرانی بە بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە وڵاتەکەیدا تۆمەتبارکردبوو" بانگهێشت کرد. محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق-یش لەبارەی ئەو مشتومڕ و کاردانەوانە داوای لە نێردە دیپلۆماسییەكان كرد دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵات وەرنەدەن.
 
رۆژی سێشەممە 23ی شوباتی 2021، تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێكی لەنێو باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لەگەڵ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ئەنجامدا و رۆژی شەممە 27-02-2021 لە تەلەڤزیۆن و پۆرتاڵی رووداو بڵاوکرایەوە. 
 
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە هەڤپەیڤینەکەدا، رەخنەی لە بوونی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق گرت و ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەوان قبووڵی ناکەن، چ تورکیا چ وڵاتێکی دیکە دەستوەردانی سەربازی لە عێراق بکات. هەروەها داوای لە تورکیا کرد بگەڕێنەوە ئەو سنوورەی لە نەخشەی نێودەوڵەتیدا دیاریکراوە. جەختیشی کردەوە لەوەی عێراقییەکان خۆیان سنوورەکانی وڵاتەکەیان دەپارێزن.
 
دواتر فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لە وەڵامی قسەکانی باڵیۆزی ئێران ریتویتی لەسەر تویتێکی رووداو ئینگلیزی کرد و وەڵامی پرسیاری کەسێکی داوەتەوە و نووسیویەتی، "باڵیۆزی ئێران دوایین کەسە لە بابەتی رێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق ئامۆژگاریی تورکیا بکات".
 
تورکیا باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگهێشتکرد
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 28-02-2021 بڵاوکراوەتەوە، باسی هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداوی لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنقەرە چاوەڕوانی ئەوە لە تاران ناکات دژایەتیی "شەڕی تیرۆر" بکات، بەڵکو چاوەڕوان دەکات، لەگەڵیان بەشداری شەڕەکە بێت. 
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، محەممەد فەرازمەند، باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە لە بەرامبەر لێدوانەکانی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بانگهێشتکراوە کە باسی لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن تورکیاوە کردووە. 
 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە ھەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو كە لە 23ی شوباتی 2021 ئەنجام دراوە، تێیدا رەخنەی لە توركیا گرتووە بەوەی سەروەریی عێراقی بەزاندووە. بەو ھۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كراوە".
 
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، بە باڵیۆزەکەی ئێران گوتراوە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە راستیدا دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیە کە "سەقامگیریی، ئاسایش و سەروەریی عێراقیان کردووەتە ئامانج". وەزارەتی دەرەوە گوتوویەتی، "ئەم راستییەش لەلایەن دامەزراوە عێراقییەکان و تەواوی لایەنەکان ئاشکرایە."
 
ئێران باڵیۆزی تورکیای لە تاران بانگهێشتکرد
 
دوای ئەوەی تورکیا باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد، ئێرانیش باڵیۆزی تورکیای لە تاران بەهۆی قسەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا کە "ئێرانی بە بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە وڵاتەکەیدا تۆمەتبارکردبوو" بانگهێشت کرد. ئێران ئاماژەی بەوە نەکردووە کە سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کوێ و چ کاتێک "ئێرانی بە بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە وڵاتەکەدا تۆمەتبارکردبوو".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگی دەریا ئورس، باڵیۆزی تورکیای لە ئێران کردووە بەهۆی ئەو تۆمەتە "قبووڵنەکراو و نادادپەروەرانەی" بۆ ئێران دروستکراون لەلایەن تورکیاوە.
 
حەلبووسی: پێویستە نێردە دیپلۆماسییەكان دەست لە كاروباری نێوخۆی عێراق وەرنەدەن
 

محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

دوای ئەوەی کە مشتومڕێک لەنێوان باڵیۆزانی ئێران و تورکیا لە بەغدا دروستبوو لەبارەی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی عێراق، محەممەد حەلبووسی داوای لە نێردە دیپلۆماسییەكان كرد دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵات وەرنەدەن. 
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە تویتێكیدا رایگەیاند: "ئەركی نێردە دیپلۆماسییەكان لە عێراق نوێنەرایەتیكردنی وڵاتەكانیان و بەهێزكردنی هاوكاریی نێوان هەردوو وڵاتە". 
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا حەلبووسی ئاماژە بەوەش دەدات: "هەندێك لە نوێنەرانی ئەو وڵاتانە باش دەزانن ئەركەكانیان چییە و دەست لەو پرسانە وەرنادەن كە پەیوەندییان بە ئەوانەوە نییە و رێز لە سەروەریی عێراق دەگرن، بە هەمان شێوەش مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت." 
 
هۆشیار زێباری: ناکۆکییە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی ئێران و تورکیا جێگەی دڵتەنگییە

 

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو مشتومڕەی لەنێوان ئێران و تورکیا بەهۆی هەڤپەیڤینێکی رووداو دروستبووە لە تویتێکدا نوسیویەتی "ناکۆکییە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی ئێران و تورکیا لەسەر عێراق جێگەی دڵتەنگییە و بەجیدی سەروەریی عێراق لاواز دەکات. نەبوونی سیاسەتێکی عێراقیی سەربەخۆ بۆ دەستوەرنەدان و پەیوەندییەکی دراوسێیانەی باش لەگەڵ دراوسێکانمان بووەتە هۆی ئەوەی ناکۆکییەکان زیاتر ببن."
 
کاردانەوەکان لە چییەوە سەرچاوەیان گرت؟
 
 
پێشتر مشت و مڕێك لەسەر ئاستی باڵیۆزانی ئێران و توركیا لە عێراق دروست بوو، ئەمەش دوای ئەوەی ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کە پێویستە توركیا لەنێو خاكی عێراق بڕوات و داوای لە تورکیا کرد بگەڕێنەوە ئەو سنوورەی لە نەخشەی نێودەوڵەتیدا دیاریکراوە. لەو بارەیەوە فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا وەڵامی قسەکانی باڵیۆزی ئێرانی لە عێراق دایەوە و ریتویتی لەسەر تویتێکی رووداو ئینگلیزی کرد و لە وەڵامی پرسیاری کەسێک نووسی، "باڵیۆزی ئێران دوایین کەسە لە بابەتی رێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق ئامۆژگاریی تورکیا بکات".
 
هەینی رابردووش 26-02-2021، میدیاكانی ناوخۆی عێراق رایانگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سێ گوندیان لە نزیك چیای گارە لە پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان بۆردوومان كردووە، ئەنقەرەش دەڵێت "فڕۆكە جەنگییەكانی بنكە و پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان -پەکەکە- لە باكووری عێراق دەكەنە ئامانج".
 
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە رەنگە شەوێک لەناکاو بچنە شنگال، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە توركیا بە نیازە ئۆپەراسیۆنێكی نوێ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان لە چیای شنگال لە باكووری عێراق ئەنجامبدات.
 
 بەشێک لە قسەکانی ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.