لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە کرماشان هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا

27-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا.
 
رووداوەکە بەیانیی ئەمرۆ چوارشەممە، 27-12-2023، لە رێگەی حمێل-ئیسلامئاوا و لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و بارهەڵگرێک روویداوە.
 
محەمەدباقر محەمەدی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری کرماشان رایگەیاند، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە، کە شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەیە.
 
بە گوتەی محەمەدباقر محەمەدی، دوای ئاگادارکردنیان لە رووداوەکە، "تیمەکانی سەر بە مانگی سووری شاری ئیسلامئاوایان ناردووەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمی ئەو کەسەیان لەنێو پارچە ئاسنی ئۆتۆمبێلەکە دەرهێناوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی دادیان کردووە."
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدەدەن.
 
سەلیم خانی، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان، رۆژی 19-12-2023 رایگەیاند، "لە هەشت مانگی رابردوودا 413 کەس لەو پارێزگایە بە هۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو یەک کەس کەمترە، هەروەها لەو ماوەیەدا 7 هەزار و 936 کەسیش بریندار بوون کە بەراورد بە پار 165 کەس زیادی کردووە. "
 
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی ئەم ساڵەوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.3% زیادی کردووە.
 
کەمال هادیانفەر لە 30-7-2023شدا گوتبووی، رۆژانە لە نێوان 50 بۆ 60 کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست دەدەن و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانیش بە پلە یەک "نەبوونی مەرجی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکانە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە