23 ساڵ بەسەر كوژرانی كۆساری شاعیر تێدەپەڕێت

27-12-2016
بەرزان عەلی حەمە
هاوڕێ نزیکەکانی باس لە هێمنی و نەرمونیانی دەکەن و شیعرەکانیشی باس لە دونیایەکی رەق و بەرەنگاری دەكات
هاوڕێ نزیکەکانی باس لە هێمنی و نەرمونیانی دەکەن و شیعرەکانیشی باس لە دونیایەکی رەق و بەرەنگاری دەكات
نیشانەکردن كۆساری
A+ A-

رووداو - هەولێر

23 ساڵ بەسەر كوژرانی خدر محەممەد، ناسراو بە كۆساری شاعیر تێدەپەڕێت، هاوڕێ‌ و كەسە نزیكەكانی كۆساری باس لە كەسایەتی و دونیابینی ئەو شاعیرە دەكەن، كە هەر هەر بە گەنجی سەری نایەوە.

کۆساری یەکێک لە شاعیرە جیهادییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بوو. ئەو بەدیارترین شاعیری جیهادیی باشووری کوردستان دادەنرێت، کە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک، بە شیعرەکانی، گڕووتینی دابووە هێرشە چەکدارییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی، سەرەتا دژ بە رژێمی بەعس و دواتریش لە شەڕ و ململانێ نێوخۆییەکاندا.

كۆساری لەسەر بنەمای کەفوکوڵی جەنگ و تیۆری جیهاد و بەرەنگاری بەشی زۆری شیعرەکانی داڕشتەوە، زۆرینەی خوێنەرەکانیشی، ئەندام و لایەنگرانی رەوتە ئیسلامییەکانن، ئەو ئیلهامی لە جەنگەکانەوە وەردەگرت و هەرگیز ئافرەت نەبوونە کەرەستەی شیعرەکانی، بە چەکەوە شیعری و نووسی و بەچەکیشەوە بووە قوربانی.

کۆساری ناوی خدر محەممەد رەشید-ـە. ساڵی 1967 لە رانیە لەدایکبووە. لە ساڵی 1993 و لەگەرمەی شەڕ و ململانێی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا، لەگوندێکی نزیک شارۆچکەی سەنگەسەر، وەک کەسە نزیکەکانی دەڵێن، بەدیلی دەکوژرێت.

هاوڕێ نزیکەکانی کۆساری، باس لە هێمنی و نەرمونیانی کۆساری دەکەن و شیعرەکانیشی باس لە دونیایەکی رەق و بەرەنگاری دەكات.

کۆساری لە خانەوادەیەکی مامناوەند لەدایکبووە، بەڵام خۆی ژیانێکی هەژارانەی هەڵبژارد و لە پاڵیشیدا چەکی لایەنێکی ئیسلامی کردبووە شانی.

ژمارەی ئەو کەسانە کەمن کە نکوڵی لە توانا شیعرییەکانی دەکەن، بەڵام بێ بەشیش نییە لەو توانجانەی کە لەمەڕ شیعرە حەماسییەکانی، ئاراستەی دەکرێت.

لە جیهانی بزووتنەوە و رێکخراوە ئیسلامییە جیهادییەکاندا، شیعر و میوزیک، لە خولگەی ئەدەبیاتی حەماسی و جیهادیدا دادەڕێژرێتەوە و کەمتر خۆی داوە لە عیشق و خۆشەویستی مرۆیی. شیعری جیهادی، مرۆڤەکان هاندەدات بۆ شەڕکردن لەپێناوی خودا و گیان بەختکردن لەپێناوی ئایدۆلۆژیا ئایینییەکاندا.

گۆڕێكی سادە و بێ ناو دوا ماڵی کۆسارییە، رۆژگاری خۆی، لەبەر تێڕوانینێکی ئیسلامییانە، هەڵبەستن و ناونووسین لەسەر کێلەکەی بەشەرعی نەزانراوە، بەڵام ئێستا عوسمان سێکتانی، هاوڕێی منداڵیی کۆساری، بەنیازە هەم گۆڕەکەی هەڵبەستێت و هەم ناویشی لەسەر بنووسێت.

عوسمان سێکتانی رەتیدەکاتەوە هاوڕێکەی، شاعیری جەنگ بووبێت، بەڵام لافاوی جەنگ بۆ هەمیشە کۆساری لەگەڵ خۆیدا برد.

پێداچوونەوە: حەكیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە