رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 26-10-2023، دادگەی شۆڕشی سنە لەبارەی دۆسیەی دوو مامۆستای زمانی کوردی بە ناوەکانی ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، بڕیاریدا هەر یەکێکیان بە 10 ساڵ بەندکردن سزا بدات.
مینبەری و پوور محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردین و لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی کولتووری- کۆمەڵایەتیی نۆژین، هەردووکیان بە تۆمەتی پێکهێنانی دەستە و گرووپ دژ به دەسەڵات سزادراون.
ئیدریس مینبەری دەڵێت، دادگە بەهۆی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، پشتیوانیکردن لە خۆپێشاندان و ناڕەزایی خەڵک، باوەڕ بە فرە نەتەوەیی بوونی ئێران و ئاڵای کوردستان و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە، سزاکەی بەسەردا سەپاندووە.
ئیدریس مینبەری، رۆژی دووشەممە 09-10-2023ـش لە دادگەی تاوانی سنە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ساڵێک بەندکردن و دوورخستنەوەی بۆ گرتووخانەی دزڵئاوای کرماشان و هەروەها لێدانی 40 قامچی سزادراوە.
رێکخراوی کولتووری- کۆمەڵایەتیی نۆژین ساڵی 2010 دامەزراوە و لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنە کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی دەکاتەوە.
رێکخراوەکە دەڵێت، دۆسیەی دوو لە ئەندامانی دیکەی بەڕێوەبەریی ئەو رێکخراوە بە ناوەکانی سۆما پوورمحەممەدی و سەیوان ئیبراهیمی بە تۆمەتی پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی لە دادگەی شۆڕشی سنەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ