رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سێ وێستگەی دەنگدانی تایبەت بە "گەورە کەسایەتییەکان" دەکرێنەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ێستگانە دەنگدەدەن ناگاتە هەزار کەس.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکانی عێراق، لە رۆژی دەنگدانی گشتی تەنیا سێ وێستگەی دەنگدان بۆ کەسایەتییەکان (VIP) دەکاتەوە، وێستگەکان لە دوو شاری هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکرێنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەی ئەو کەسانەی دەتوانن لەو وێستگانە دەنگبدەن لە هەزار و 500 کەس زیاترە، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی بە کردەیی دەنگدەدەن کەمتر دەبن.
لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، دوو جۆر دەنگدەر هەن، بەشێکیان دەنگدەری گشتین و لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگدەدەن، بەشێکیشیان دەنگدەری تایبەتن کە بریتییە لە هێزە ئەمنییەکان و نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی و ئەوانەی لە گرتووخانەکان و هەندێکی دیکەش، بەڵام ئەوانەی لە وێستگەی کەسایەتییەکان (VIP)دەنگدەدەن، لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگدەدەن.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وێستگەکانی (VIP) جیاوازییەکی لەگەڵ وێستگەکانی دیکەی دەنگدان نییە و هەمان کاخەزی دەنگدان و کەرەستە و ئامێری تێدا دەبێت، بەڵام کەسایەتییە حکومییەکان، پارتە سیاسییەکان، بەرپرسانی باڵا کە پۆستەکانیان لە بەڕێوەبەری گشتی بو سەرەوەیە، دەتوانن دەنگی تێدا بدەن."
روونیشیکردەوە: "زۆر جار ئەو بنکانە لەو شوێنانە دەکرێتەوە کە بەرپرسانی زۆریان تێدایە، یان شوێنێکە زۆرینە دامەزراوەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی دیکەی تێدایە و پێویست دەکات وێستگەکانیان تێدا بکرێنەوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو وێستگانە دەنگدەدەن ناگاتە هەزار کەس.
بڕیارە 20ـی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی رێکارێکی بۆ وێستگەی کەسایەتییەکان (VIP) دەرکردووە، کە بەمشێوەیەیە:
1- لە رۆژی دەنگدانی گشتی، سێ وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدانی کەسایەتییەکان (VIP) لە بەغدا، هەولێر و سلێمانی دەکرێنەوە.
2- دەنگدەران لە تۆمارێکی کاخەزدا دەنووسرێن و زانیاریی دەنگدەر، واژۆی و پەنجەمۆری لە تۆمارەکە دەبێت.
3- دەنگدان لە رێگەی کاخەزی دەنگدانی نیشتمانییەوە دەبێت.
4- لە چوارگۆشەی تایبەت بۆ دەنگدانی گشتی، هێما لە فۆرمی یەکلاییکردنەوە و هاوتاکردن دەدرێت.
5- هەر وێستگەیەکی دەنگدان 500 کاخەزی دەنگدانی تێدا دەبێت.
6- رێگە بەو کەسانە نادرێت کە کارتی دەنگدانی تایبەتیان هەیە "ئەوەی ژمارە 50ی هەیە"، دەنگبدەن.
7- دەبێت بە هەموو رێکارەکانی دیکەی تایبەت بە دەنگدانی گشتییەوە پابەندبن.
8- لە وێستگەکانی تایبەت بە کەسایەتییەکان (VIP) رێگە بەم کەسانە دەدرێت دەنگ بدەن:
- سەرکردە سیاسییەکان
- سەرۆکی فراکسیۆنەکان
- سەرۆکی پارتەکان
- ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران
- بەڕێوەبەرانی گشتی
- ئەوانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرزتریان هەیە
- هاوژین و منداڵەکانیان. ئەوانەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیان هەیە.
9- رێگە بەو رۆژنامەڤانانە (ئەوانەی لەو وێستگانە رووماڵ دەکەن) دەدرێت، لەو وێستگانە دەنگبدەن، ئەگەر کارتی بایۆمەتیی دەنگدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیان هەبێت.
10- ئەم ئامێرانە لە وێستگەکانی دەنگدانی کەسایەتییەکان (VIP) بۆ بەکارهێنانیان لە رۆژی دەنگدانی گشتی دادەنرێت:
- دوو ئامێری لێکۆڵینەوە-VVD، لە هەر وێستگەیەکدا، یەکێکیان یەدەگە.
- دوو ئامێری ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی PCOS، لە هەر وێستگەیەکدا، یەکێکیان یەدەگە.
- دوو ئامێری ناردن RTS، لە هەر وێستگەیەکدا، یەکێکیان یەدەگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ