سەرۆکی لیستی یەکگرتوو لە سلێمانی: ئەندامانی تیمی بانگەشەکەم کاژێرێک دەستگیر کران

27-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، چوار لە ئەندامانی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی بۆ ماوەی کاژێرێک لە بازگەی تاسڵوجە دەستگیر کران.
 
مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 27ی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 04:30ی بەیانیی ئەمڕۆ، چوار کەس لە ئەندامانی تیمی بانگەشەی من، لەلایەن بازگەی تاسڵوجەوە راگیراون و دوای کاژێرێک لە هێشتنەوەیان ئازاد کران."
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنیان، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی گوتی، "دیارە لە هۆکارەکەیان پرسیوە، ئەو کەسانەی رایانگرتوون گوتوویانە، بەبێ مۆڵەت بانگەشەیان کردووە و پۆستەر و دروشمەکانیان هەڵواسیوە."
 
لە رۆژی 25ی ئەم مانگەوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، بڕیارە رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆن دەڵێت، زیاتر لە 10 سەرپێچیی بەربژێرانیان تۆمار کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە