گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-9-2023 کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)ـە. لە هەولێر بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر و بەخشین و خێرکردن، یادەکە کرایەوە. 
 
ئەمساڵ لە هەولێر هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، رێوڕەسمێکی قەرەباڵخ لەبەردەم قەڵای هەولێر سازکرا، گەورە و بچووک تێیدا بەشداربوون. موسڵمانان شیرینییان بەخشییەوە و نزای خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییان بۆ کوردستان کرد. 
 
موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان بە شێوەی جیاواز ئەو یادە دەکەنەوە و رێوڕەسمەکانی مەولوودیش لەنێو کورد بوونەتە شتێکی دانەبڕاو لە کولتووری گەلی کوردستان؛ نزیکەی 800 ساڵە لە هەولێر ئەم یادە دەکرێتەوە، کە جاری یەکەم لەلایەن سوڵتان موزەفەرەوە لە شارەکەدا کراوەتەوە.
 
سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری کوری زەینەدین عەلی کوچک لە موسڵ لەدایکبووە و 44 ساڵ کاروباری هەولێری بەڕێوەبردووە؛ زاوای سەلاحەدین ئەیوبی بووە و بەیەکەم کەسیش دادەنرێت کە مەولوودی داھێناوە.
 
سوڵتان موزفەرەدین کولتووری مەولوودی بۆ ھەولێر جێھێشت و لە ساڵی 1232 کۆچی دوایی کرد و داوایکردبوو لە چیای عەرەفە بە خاکی بسپێرن، بەڵام نەتوانراوە وەسیەتەکەی جێ بەجێ بکرێت و لە نەجەف لە گۆرستانی وادی سەلام بەخاک سپێردراوە.