رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق پێنج هەزار خوێندکار بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دەنێرێتە دەرەوەی وڵات، کە سێ هەزاریان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبن. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان دەڵێت "هەرێمی کوردستان سوومەند دەبێت".
رۆژی 15ـی ئایاری 2023، لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق کردنەوەی دەرگای پێشکێشکردنی بۆ پێنج هەزار سکۆڵەرشیپ بۆ خوێندن لە دەرەوە وڵات راگەیاند و لینکەکەی بڵاوکردەوە:
وەک قۆناخی یەکەم، ساڵی رابردوو 400 سکۆڵەرشیپ بوون. ئەمساڵ قۆناخی دووەمی دەستپێدەکات تاوەکو لە پسپۆرییە جیاوازەکاندا بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بەدەستبێنن.
لەکاتی سەردانی شاندەکەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئەمریکا، لیژنەی هاوئاهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکا کۆبوونەوە و رۆژی 15 نیسانی 2024 راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، گوتیان لەو پێنج هەزار خوێندکارەی لە عێراقەوە بۆ خوێندن رەوانەی دەرەوە دەکرێن، سێ هەزاریان دەنێردرێنە ئەمریکا.
رۆژی شەممە 27ـی نیسانی 2024 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی پێنج هەزار سکۆڵەرشیپیەکەی حکومەتی عێراق "سوومەند دەبن".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی "تاوەکو ئێستا 48 قوتابی سوومەندبوون."
عەباس ئەکرەم هەروەها رایگەیاند "خوێندکارانی هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن. هەر خوێندکارێک مەرج و رێنماییەکانی تێدا بێت، دەتوانێت سوومەند بێت."
هاوکات نەجوا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 27ـی نیسانی 2024 بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق چەندین رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتان و زانکۆ جیهانییەکان هەیە بۆ ئەوەی خوێندکاران بۆ درێژەدان بە خوێندن لە دەرەوەی وڵات، بنێرێتە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ