ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژن دەکرێت؛ زیاتر لە هەزار هۆتێل و رێستۆرانت کراوە دەبن

27-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئامادەکارییان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی رۆژانی جەژنی رەمەزان کردووە و، تەواوی هۆتێل و رێستۆرانتەکان بۆ پێشوازییان کراوە دەبن.
 
لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادەکاری بۆ پێشوازی لەو گەشتیارانە دەکرێت، کە لە بۆنەکاندا لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەش هاوئاهەنگی لەگەڵ بازگەکان کراوە؛ رێکارەکانی رێگەدان بە گەشتیاران خێراتر بکەن.
 
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27ـی ئادار) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت  "ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی جەژنی رەمەزان و، پێمانوایە لە یەکەم رۆژەوە هاتنی گەشتیاران دەستپێدەکات، چونکە ئێستا لە مانگی رەمەزانداین".
 
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
 
جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان دەڵێت، "تەواوی هۆتێل و رێستۆرانتەکانی شاری هەولێر کراوە دەبن و قایمقامیش بڕیاریداوە؛ فڕن و نانەواخانەکان رۆژانی جەژن کراوە بن." 
 
لە سلێمانی، 375 هۆتێل و مۆتێلی گەشتیاری هەن. مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامادەکاریی تەواومان کردووە و، هەموو هۆتێلەکان بۆ رۆژانی جەژن کراوە دەبن."
 
مەحموود تۆفیق گوتی، "بەهۆی ئەوەی بۆنەکە جەژنە و لە عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکاتە، چاوەڕوانین ژمارەیێکی زۆر گەشتیار بێنە شاری سلێمانی، چەند رۆژێکێشە بە تەلەفۆن گرتنی هۆتێل لەلایەن گەشتیارەکانەوە دەستیپێکردووە." 
 
لەبارەی ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە دهۆک، ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پارێزگاری دهۆک، لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆبووەتەوە و رایسپاردوون، کە بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکرێت".
 
لە سنووری دهۆک 210 هۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن. 
 
جێگری پارێزگاری دهۆک گوتی، "هاوئاهەنگی باش لەگەڵ بازگەکان کراوە، کە ئاسانکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، هاوکات گەشتوگوزار و هەموو لایەنێکی پەیوەندیدار ئامادەکارییان کردووە و، سەرجەم هۆتێل و رێستۆرانتەکانیش بۆ جەژن کراوە دەبن." 
 
لە هەڵەبجەش ئامادەکاری کراوە. هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری شارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانی جەژن، لیژنەکانمان بەردەوام دەبن لە گەڕان، هاوکات لەگەڵ پۆلیس، ئاسایش، تەندروستی و بازگەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران هەموو ئامادەکارییەک کراوە." 
 
بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بۆ رووداو، لە شاری هەڵەبجە یەک هۆتێل، لە ناحیەی بیارە دوو هۆتێل و لە گوندی بەڵخە یەک هۆتێل هەن. هەورامان جەلال دەڵێت، "هۆتێلەکان کەمن و هەوڵدەدەین لە داهاتوودا هۆتێلێکی گەورە و شایستە بە هەڵەبجە دروست بکرێت." 
 
زۆر جار، گەشتیاران لەگەڵ کەمیی هۆتێلدا، گلەیی کەمیی رێستۆرانت لە هەڵەبجە دەکەن. لەو بارەیەوە هەورامان جەلال گوتی، "ئێستا کۆمەڵێک رێستۆرانت و چێشتخانەی باش لە هەڵەبجە کراونەتەوە و ژمارەیان زۆر بووە، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە." 
 
ئەمساڵ بۆ رۆژانی جەژن حکومەتی عێراق یەک هەفتە پشووی راگەیاندووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت گەشتیاران زۆر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری مهاباد.

18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەییەکانی مهابادیان کردووە

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە".