بەشدار بازیانی ئازاد کرا

27-03-2025
سۆران حوسێن
بەشدار بازیانی دوای ئازادکردنی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا قسەی کرد
بەشدار بازیانی دوای ئازادکردنی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا قسەی کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی مانگێک لە زیندانیکردنی، رۆژنامەڤان بەشدار بازیانی لە سلێمانی ئازادکرا. بەرپرسی لقی سەندیکای رۆژنامەنووسان لە شارەکە دەڵێت، ئازادکردنەکە بە دەستەبەری بووە.

کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشدار بازیانی بە دانانی دەستەبەری (کەفالەت) ئازاد کراوە تاوەکو رۆژی دادگاییکردنی".
 
28ـی شوباتی 2025، بەشدار بازیانی، رۆژنامەڤان لەگەڵ سێ هاوکاریدا دەستگیرکران، بەڵام دواتر هاوکارەکانی ئازادکران و تەنیا ئەو مایەوە.
 
کاروان ئەنوەر دەڵێت: "دۆسیەی بەشدار بازیانی زۆرە و بەشێکیان بەدەرە لە رۆژنامەوانی. سکاڵای داواکاری گشتی، کۆمپانیا، کەسایەتی و دامەزراوەی جیای لەسەرە".
 
دوای ئازادکردنی، بەشدار بازیانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، ''دەستمان بۆ کۆمەڵیک بابەتی زۆر هەستیار برد کە زیانیان بە ئاسایشی نەتەوەیی گەیاند''. گوتیشی، ''داوای لێبووردن لەو کەسانە دەکەم کە زیانیان پێگەیشتووە''.
 
بازیانی گوتی، ''ئەگەر بەکارهێنرابین یان نیازمان بووبێت پرۆگرامێک بکەین کە هەستیارە، کۆمەڵێک بابەتی تایبەتی تێدا بووبێت یان هەر کەسێک لێی زیانمەند بووبێت، داوای لێبووردن دەکەین، ئێمە نیازێکی خراپمان نییە و نەبووە.''
 
بەگوتەی بەشدار بازیانی، لەو ماوەیەدا کە لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوە، مامەڵەیەکی ''برایانە''یان لەگەڵدا هەبووە. ئەوە لەکاتێکدایە جاری پێشوو کە دەستگیرکرابوو، دوای ئازادبوونی بە رووداوی گوت، "هیچ گوتەیەکیان لێ وەرنەگرتم؛ دەست و قاچم کەلەپچە کرابوو، هەروەها رەفتار و هەڵسوکەوتیشیان لەگەڵم زۆر خراپ بوو."
 
ئەو رۆژنامەڤانە بە کەفالەتی خێزانی تاوەکو رۆژی دادگاییکردن ئازاد کراوە و بەگوتەی کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان، براکەی بووەتە کەفیلی. 
 
بەشدار بازیانی ئەوەشی خستەڕوو، ''کۆمەڵێک ئاڵەنگاریمان لە بەردەمدایە و ئینشائەڵڵا تێیدەپەڕێنین، هیچ نیازێکی خراپمان نەبووە و پابەند دەبین بە رەوشی کاری رۆژنامەڤانی.''
 
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری مهاباد.

18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەییەکانی مهابادیان کردووە

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە".