گۆڕانی گردەکە کۆنگرە دەبەستێت و گۆڕانی کوردسات دژی دەوەستێتەوە

27-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لەسەر داواى باڵى گردەکەى بزووتنەوەى گۆڕان، رۆژ و شوێنى بەستنى کۆنگرەى بزووتنەوەکەی دیاریکرد و بەرەکەى دیکەش داواى وادە و شوێنێکى دیکە لە کۆمیسیۆن دەکەن بۆ بەستنى کۆنگرەکە. 
 
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، 5ـی نیسان سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانی دەبەستن. گۆڕانی گردی زەرگەتەش دەڵێن، "زۆرینە لای ئێمەن و ئەوان ناتوانن کۆنگرە ببەستن."
 
رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، نزار مه‌حموود ساڵح، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانیی‌ بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گردی زەرگەتە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە کاتی کۆنگرەمان دیاریکردووە، ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستدا هەیە، دەتوانن بەشداری بکەن، ئەگەر بەشدارییان نەکرد، خۆیان بەرپرسن."
 
کۆمیسیۆن بۆ هەردوو باڵەکە: لەسەر کۆنگرە رێکبکەون
 
بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو بەرە (گۆڕانی گردی زەرگەتە و گۆڕانی گەڕەکی کوردسات) دابەشبووە. بەرەی گەڕەکی کوردسات، 2ـی شوباتیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری کردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 29ـی کانوونی دووەم رایگەیاند، ''پەلە نەکرێت لە بەستنی کۆنگرە لەو رێککەوتەدا. بە گوێرەی ئەو داوایەی لە دەستەی گشتیی حیزبەکەوە نێردراوە.''
 
بە گوێرەى نووسراوێک کە هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 26ـى ئادارى 2025، ئاراستەى نووسینگەى سلێمانیى کۆمیسیۆنى کردووە، ئاماژەى بەوە داوە کە لەسەر بنەمای داواکارییەکی نوێ کە دەستەى گشتیی بزووتنەوەى گۆڕان پێشکێشکی کردووە، کاژێر 10ـى بەیانی، 05ـی نیسانى 2025، کۆنگرەى بزووتنەوەى گۆڕان دەکرێت. 
 
ئەو وادەیە لەسەر بنەمای بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بووە کە 4ـى ئادار دەریکردبوو کە دەبێت تاوەکو 10ـى نیسان ئەو کۆنگرە بکرێت. 
 
نزار مه‌حموود ساڵح گوتی: "ئێمە لە ماوەی رابردوو سێ وادەمان دیاریکرد بۆ کۆنگرە، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون بێنە پێشەوە بۆ کۆنگرە، ناوەڕاستی مانگی سێ بانگکراین بۆ بەغدا، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون، ئەوان دەیانەوێت رێککەون لەگەڵ ئێمە لەسەر پۆستەکان، دواتر کۆنگرە بکەین، بەڵام ئێمە دەمانەوێ کۆنگرە بکەین، کێ زۆرینەی دەنگی هێنا ئەو دەردەچێت." 
 
"کۆنگرە لە گردی زەرگەتە دەکرێت؟"
 
دوای بڕیارەکە کۆمیسیۆن، گۆڕانی گردی زەرگەتە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "وەفادارین بەرامبەر بەڵێنەکەمان، هەموو رێگەیەکی یاسایی، سیاسی و رێکخراوەیی دەگرینەبەر، دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستووری ناوخۆی گۆڕان، لە شەش مانگی رابردوودا بە هەوڵێکی بێوچان پیلانگێڕیی کودەتاچییەکان هەڵوەشایەوە."
 
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە دەڵێت، 5ـی نیسانی داهاتوو سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانی لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەکە لە گردی زەرگەتە دەکەن. ئەوەش پاڵپشتە بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
 
گۆڕانی گردی زەرگەتە داوا دەکات: "سەرجەم گۆڕانخوازان و هەڵسووڕاوانی راستەقینە کە پابەند بوون بە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و کەلەپووری نەوشیروان مستەفا و دەستووری ناوخۆیی، ئامادەکاریی تەواو بکەن و هەموو ئەندامانی دەستەی گشتی (الهیئة العامة) بانگێهێشت دەکەین بۆ بەشداریی کۆنفرانسی نیشتمانی لە رۆژی دیاریکراودا ئامادەبن."
 
چارەنووسی سکاڵاکەی گۆڕان لە دادگەی فیدراڵی
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە 11ـى ئەیلوولى 2024 دەرفەتى شەش مانگ کارکردنى دایە سەرکردەکانى بزووتنەوەى گۆران (دانا ئەحەمد مەجید) بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن، ئەو هەنگاوە بەر لە ھەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بوو لە 20ـى تشرینى یەکەمى ئەوساڵە کرا. 
 
دواتر باڵى گردەکەى بزووتنەوەى گۆڕان سکاڵای لە دژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکردبوو، بۆ راگرتنى بڕیارێکى پێشووى کۆمیسیۆن، لەگەڵ کاراکردنى بڕیارێکى دادگە لە دژى دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان.
 
نووسراوەکەى کۆمیسیۆن لەبارەى رۆژ و شوێنى بەستنى کۆنگرە لەسەر داواکاریى باڵى گردەکەى گۆڕان، هاوکات بوو لەگەڵ تاوتوێکردنى سکاڵاکەیان کە لە دادگەی باڵای فیدراڵی تۆماریان کردبوو. بەگوێرەى ئەنجامى دانیشتنەکە، کە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ئەو سکاڵایە لەسەر داوای گۆڕانی گردەکە پووچەڵ کراوەتەوە
 
باڵی کوردسات داوای وادەیەکی دیکە بۆ کۆنگرە دەکەن
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەرەکەى رێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان (بەرەی کوردسات) دەستى کەوتووە، ئەوانیش نووسراوێکیان ئاڕاستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردووە، کە وادەیەکى دیکەیان پێشنیاز کردووە بۆ کۆنگرە کە 3ـی نیسانە و شوێنێکى دیکەیان دیاری کردووە بۆ بەستى ئەو کۆنگرەیە جگە لە گردى زەرگەتە.
 
سەرچاوەیەک لە گۆڕانی کوردسات گوتی، وەڵامی گۆڕانی گردی زەرگەتە لە راگەیێندراوێک دەدەنەوە و گوتی، "ئێمە زۆرینەین و ئەوان ناتوانن کۆنگرە ببەستن."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە راگەیێندراوی گۆڕانی کوردسات ئەوە دەنووسرێت کە زۆرینە لەلای ئەوانە، هەروەها ئەوان زۆرینەی دەستەی گشتییان لایە کە مافی بەشداریی کۆنفرانسی گۆڕانیان هەیە.
 
ناکۆکییەکان لە چییەوە دروستبوون؟
 
19ـى ئەیلوولی 2024، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، ئەو هەنگاوە بزووتنەوەى گۆڕانى کرد بە دووبەرەى دژ بەیەک کە یەکێکیان، زۆرینەى جڤاتى گشتین لە گردى زەرگەتە، ئەوى دیکەیان دانانى ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتى و  زۆرینەى جڤاتى نیشتمانین.   
 
رۆژی 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەیدعەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە رێکخست.
 
بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی (27/09/2024) دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 
دوای ئەو ناکۆکییانە، 04ـی 10ـی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و رەتیانکردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''