سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە

27-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێک دەڵێت، سبەی هەینی کەشێکی بەهارە دەبێت. کەشناسیی عێراقیش رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو باران دەبارێت."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 27-02-2025، ئاسمان پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی دەڵێت: "ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت، بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە".
 
سبەی دوایین هەینی پێش مانگی رەمەزانە. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "سبەی کەشێکی بەهارە و خۆش دەبێت و هاونیشتمانیان دەتوانن بۆ گەشت و سەیران بچنە سەیرانگەکان".
 
هەفتەیەکە شەپۆلێکی سەرما باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. شاڵاو هیدایەت دەڵێت، پلەی گەرما رۆژانە بەرز دەبێتەوە، بەڵام یەکشەممەی داهاتوو بە رێژەی بەرچاو و نزیکەی شەش پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە.
 
"شەپۆلێک باران عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە"
 
دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کۆتایی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچەکانی رۆژهەڵاتی عێراق دەگرێتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلی بارانبارینی هەفتەی داهاتوو 05 بۆ 07ـی ئادار دەبێت. شەپۆلەکە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، چڕیی شەپۆلی هەفتەی داهاتوو پارێزگاکانی هەڵەبجە، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان دەبێت. گوتیشی: "لە هەموو شارەکان بە بڕی جیا باران دەبارێت، بەڵام کەمترین بڕ لە دهۆک دەبێت و ئەگەری گۆڕانکاریش هەیە".
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 10 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 8 پلەی سیلیزی
دهۆک: 9 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 13  پلەی سیلیزی
زاخۆ: 10 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 10 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 1-  پلەی سیلیزی
سۆران: 8 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 13 پلەی سیلیزی

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە