بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی ئۆجەلان لە ئامەد، وان، سلێمانی و قامشلۆ شاشە دادەنرێن

27-02-2025
دیار سلێمان
نیشانەکردن بانگەوازی ئۆجەلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئەمڕۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا نێوەڕۆکی کۆبوونەکە بە رای گشتی رابگەیێنێت.
 
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی، شاندەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2025، لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە سازدەکات. هەروەها بڕیارە لە سلێمانی، قامیشلۆ، ئامەد و وان لەڕێگەی شاشەی گەورەوە پەیامەکەی ئۆجەلان نیشانبدرێت. زیاتر لە 300 رۆژنامەڤان لەو هۆتێلەی ئیستەنبووڵ ئامادەن کە بڕیارە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پەیامەکەی ئۆجەلان تێیدا بڵاوبکرێتەوە.
 
شاندەکە پێکهاتبوون لە؛ سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بە تورکی لەلایەن پەروین بوڵدان و بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورکەوە بخوێندرێتەوە. دواتریش پەیامەکەی ئۆجەلان بە چوار زمان بڵاودەکرێتەوە کە ئەوانیش؛ عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی و کوردین.
 
 
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە چەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان راگەیاند، ''چاوەڕوان دەکرێت هیوایەک بەهەموو لایەک دەبەخشێت."
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیلەوە پێشوازیی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن و دەڵێت "لێدوانەکانیان ئەوەمان پێدەڵێن، پێوەی پابەند دەبن."
 
هەروەها زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) کە یەکێک بو لە قسەکەرەکانی کۆڕبەندی سێیەمی هەولێر، لەمبارەیەوە گوتی: ''بێگومان دەبێت بانگەوازی دانانی چەک بکرێت. چونکە پێموایە بانگەوازێکی وەها، بۆ هەموو گەلان و مرۆڤانی ناوچەکە سوودی زۆری دەبێت، لە سەرووی هەموویانەوە بۆ کوردەکان. چونکە چەکەکەی دەستی پەکەکە و ئەو شێوازە چەکدارییەی پەیڕەوی دەکات، یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد''.
 
یاپیجیئۆغڵو پێیوایە ئەم پەیامە ''نەک بە تەنیا بۆ کوردی تورکیا، بەڵکو سوودی بۆ کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردی سووریاش دەبێت. هیوادارم بانگەوازێکی لەمشێوەیە بکرێت. بۆ ئەوەی بابەتی تووندوتیژی و چەک دابخرێت و جارێکی دیکە قسەی لەسەر نەکرێتەوە.''
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی

نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی

شەوی رابردوو لە هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە، لە دیدارەکەیان جەختیان لە "پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريا دا" کردەوە.