ژینگەی هەولێر مۆڵەتی دانانی فیلتەری بۆ چێشتخانە و کەبابخانەکان درێژکردەوە

27-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، تاوەکو 15ـی ئادار مۆڵەت بە خاوەن چێشتخانە و رێستۆرانتەکان دراوە بۆ ئەوەی فیلتەر دابنێن، ئەگەر نا سزا دەدرێن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "15 رۆژ مۆڵەتمان دابوو بە خاوەن چێشتخانە و کەبابخانەکان تاوەکو فیلتەر دابنێن، بەڵام تاوەکو ناوەڕاستی مانگی رەمەزان درێژکرایەوە. تاوەکو ئێستا 71 چێشتخانە و رێستۆرانتی ماسی ئاگادارکراونەتەوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر لەسەر داواکاریی خاوەن چێشتخانە، کەبابخانە و رێستۆرانتەکانی ماسی، مۆڵەتەکەیان بۆ 15ـی ئادار درێژکردەوە، پێویستە تاوەکو ئەو کاتە هەموویان فیلتەر دابنێن".
 
نزیکەی دوو مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دەرکردووە، یەکێک لەوان دانانی فیلتەرە بۆ موەلیدەکان. 
 
تاوەکو ئێستا 59 پاڵاوگەی نایاسایی لە پارێزگای هەولێر داخراون. دڵشاد هیرانی دەڵێت، "دوای بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانمان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە چڕکردوونەتەوە و بەردەوامیش دەبین."
 
رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە، لیژنەکانی ژینگەی هەولێر سەردانی خواردنگە و رێستۆرانتەکان دەکەن و رێنوێنیان پێدەدەن. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر گوتی، "سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە، دواتر سەردانیان دەکەینەوە و ئەگەر رێنوێنییەکانیان جێبەجێ نەکردبێت، بە پێبژاردن و داخستن سزادەدرێن".
 
لەبارەی بڕی پێبژاردنەکە، دڵشاد هیرانی گوتی: "بەگوێرەی دووکەڵەکە پسوولەی سزا بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە فیلتەر دانانێن، سزاکەش لە 500 هەزار بۆ سێ ملیۆن دینار دەبێت".
 
رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد، کە بریتین لە: 
 
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسیی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''