رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین دەڵێت، 71 هەزار هاونیشتمانی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە عەفرین. ئاماژە بەوەش دەکات، "هەزاران عەرەبی هاوردە گەڕاونەتەوە و خانووی کوردیان چۆڵ کردووە، بەڵام گرووپە چەکدارەکان خانووەکانیان داگیر دەکەن."
دوای ئاڵۆزییەکانی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، بەشێکی هاونیشتمانییانی عەفرین کە لە شەهبا، حەلەب و رەققە نیشتەجێ بوون، دەستیان بە گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان کرد.
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پۆلیسی خۆجێیی عەفرین نوێترین ئاماری پێداوین و دەڵێت، 71 هەزار کورد گەڕاونەتەوە، بەڵام دیار نییە چەند خێزانن."
"گرووپە چەکدارەکان داوای پارە دەکەن و خانووی کورد داگیر دەکەن"
لە دوو مانگی رابردوودا هەرکاتێک خێزانێکی کورد گەڕابێتەوە عەفرین، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە داوای پارەی لێکراوە. بە گوتەی ئازاد عوسمان، "وەرگرتنی پارە لەو کوردانە بەردەوامە کە دەگەڕێنەوە."
ئازاد عوسمان کە خۆی لە عەفرینە، گوتی، "هەندێک گرووپ یان پارە وەرناگرن یان زۆر کەم وەردەگرن، بەڵام گرووپی عەمشات پارەی زۆری دەوێت و ئێستاش هەر خێزانێک بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی ئەوان تێیدا باڵادەستن، 1000 بۆ 1500 دۆلاری لێ وەردەگرن."
بە گوتەی ئازاد عوسمان، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە، "هەزاران عەرەبی هاوردە عەفرینیان چۆڵ کردووە و لە گەڕانەوەش بەردەوامن."
ئازاد عوسمان ئاماژە بەوەش دەکات، "پێشبینی دەکەین تاوەکو مانگی پێنجی ئەم ساڵ عەرەبی هاوردە لە عەفرین نەمێنن، چونکە ئەوانیش دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان."
ئازاد عوسمان باس لەوە دەکات، تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی ئەو هاونیشتمانییانەی گەڕاونەتەوە عەفرین لە ماڵی کەسوکاریاندا دەژین و خانووەکانیان چۆڵ نەکراوە.
ئازاد عوسمان کە لە رێگەی تەلەفۆنەوە بۆ رووداو قسەی دەکرد باسی لەوەشکرد: "لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە، بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و پەکەکە، 285 کورد لە عەفرین و دەوروبەری دەستگیرکراون. بەشێکیان ئازاد کراون، بەڵام بەشێکیان هێشتا لە زینداندان".
بە گوتەی بەرپرسەکەی ئەنەکەسە لە عەفرین، ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ ئازاد نەکراون دراونەتە دادگە.
"لە عەفرین پۆلیس دەخرێتە شوێنی گرووپە چەکدارەکان"
ئازاد عوسمان لەسەر دۆخی نێوخۆی عەفرین قسەی کرد و گوتی: "بڕیارێکی کارگێڕی دراوە کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە گرووپە چەکدارەکان لەنێو شاردا نەمێنن، کە ئەوە بڕیارێکی زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ کورد".
لەبارەی ئەو هێزەی جێگەی گرووپەکان دەگرێتەوە، ئازاد عوسمان دەڵێت، "لێرە پۆلیسی نێوخۆیی هەیە، لەگەڵ کشانەوەی گرووپە چەکدارەکان بڕیارە هێزی پۆلیس جێگەیان بگرنەوە".
08-12-2024، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشقدا، گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سووریا هەردوو ناوچەی شەهبا و منبجیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو، ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانیی عەفرین بوون و لە ئاوارەییدا بوون جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بنەوە و بەشیکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ