رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە فەرەنسا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە و "رێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژییان واژۆکرد،" وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەڵێت: رێککەوتنەکە پەیوەندی بە هەموو شتێکەوە هەیە وەک: وزە، نەوت و کارەبا. هەر لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش کراوە.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پاریس قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو کرد، گوتی: کۆبوونەوەی سوودانی و ماکرۆن "باش بووە" و باسی کۆمەڵێک پڕۆژە کراوە کە تێیدا فەرەنسییەکان هاوکاریی عێراق دەکەن وەک پڕۆژەی میترۆ لە بەغدا.
جگە لەو پرسانەش، وەکو وەزیری دەرەوەی عێراق کە خۆی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو باسی کرد، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی هاوکاریی ئەمنی و سەربازیی فەرەنسا بۆ عێراق، پەیوەندیی ئابووری بەشێوەیەکی گشتی و دۆخی سیاسیی ناوچەکەش کردووە.
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا یەکێکی دیکە بووە لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەی سوودانی و ماکرۆن باسکراوە. د. فوئاد حوسێن دەڵێت: سەرۆکی فەرەنسا پرسیاری لەبارەی بودجە و یاسای نەوت و گاز کردووە.
لەبارەی ئەوەی ماکرۆن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا داوای چی کردووە؟ وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ماکرۆن گوتی، هیوادارە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باش بن. "جەنابی سەرۆکوەزیرانیش نیشانیدا کە پەیوەندییەکان زۆر باشن و لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەیە کە هێزە سیاسییەکان کردیان، ئەو هێزانەی حکومەتیان دروستکرد، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێککەوتن و بەرنامەی حکومەتن."
دوایین بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی پاڵپشت بوون بۆ ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ماکرۆن و سوودانی "باس نەکرا."
فەرەنسا دەیەوێت پێگەی خۆی لە عێراق بەهێزتر بکات، عێراقیش داوا دەکات چەکی پێ بفرۆشێت، لەبارەی ئەوەی فەرەنسا رازی بووە چەک بە عێراق بفرۆشێت؟ د. فوئاد حوسێن گوتی: فەرەنسا زۆر هاوکاریی عێراقی کردووە لە شەڕی داعش، باسی چەکیش لەنێوان وەزارەتی بەرگری و کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەبێت.
شەوی رابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن لە تویتێکدا رایگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر من و ماکرۆنی هاوڕێ، رێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژییمان واژۆکرد کە نەخشەڕێگەیەک بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکان دادەنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ