رووداو - هەولێر
یەكێك لەو مەلەفانەی حكومەت دەیەوێ دەستی بۆ ببات خانەنشینی پەرلەمانتارانە كە دوای چوار ساڵ پەرلەمانتاری بە 80%ی مووچەكەیان خانەنشین دەبن و نزیكەی شەش ملیۆن دینار وەردەگرن، بەپێی پڕۆژەكەی حكومەت بێ، ئەو سەردەمە بەسەردەچێ و لەمەودوا بە مەرج خانەنشین دەکرێن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی 20-12-2017 دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، پڕۆژەیەكیان بۆ چاكسازی لە لیستی مووچەخۆراندا هەیە و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی دەكەن.
سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران بە (رووداو)ی گوت: "خانەنشینی پەرلەمانتاران چارەسەر دەكرێ، هەر پەرلەمانتارێك تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر نەبێ و 15 ساڵ خزمەتی نەبێ، خانەنشین ناكرێ".
فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی چاكسازییەكان بە رووداوی گوت: "ئێستا فرسەتە، چونكە دۆخەكە لەبارە و دەبێ چاكی بكەینەوە".
هاوکات نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران هەندێك ئاماری قەبەی لە لیستی مووچەخۆراندا بۆ رووداو ئاشكراکرد، كە ئەگەر چاكسازی تێدا بكرێ، پارەیەكی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە.
نووری عوسمان گوتی: "68 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان دوو مووچە و سێ مووچە و چوار مووچەیان هەیە، ئەوانە سەرپشك دەكرێن یەكێك لە مووچەكانیان هەڵبژێرن، بەگشتی حكومەت پلانی هەیە زیاتر لە 100 ملیار دیناری لە راستكردنەوەی لیستی مووچەخۆراندا بۆ بگەڕێتەوە".
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح



