سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کەرکووک: مەترسی هەیە سەرژمێری بکرێتە جێگرەوەی مادەی 140

26-09-2024
سۆران حوسێن
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گەمارۆسازی بۆ سەرژمێریی لە عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو 30ـی مانگی 10 بەردەوام دەبێت. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ئەو کوردانەی کەرکووک کە لە دەرەوەی شارەکەن، دەبێت لەکاتی گەمارۆسازیدا بگەڕێنەوە.
 
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە میوانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو باسی لە پرۆسەی سەرژمێری لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان کرد، گوتی: "ئەو مەترسییەمان هەیە، کە ئەم سەرژمێرییە ببێتە جێگرەوەیەک بۆ مادەی 140."
 
حەسەن مەجید گوتی: "ئێستا زۆرینەی ماڵە کەرکووکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، وەکو سلێمانی و هەولێر و نەگەڕاونەتەوە کەرکووک و ناونووس نەکراون، ئێمە ترسمان هەیە، ئەگەرنا سەرژمێری بە قۆناخبەندی خۆی بکرێت پێویستیشە."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "تێبینیمان لەسەر کارەکانی پێشتر هەیە، زیاتر لە نۆ گەڕەکی عەرەبی لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دروستکراون و خەڵکی دەرەوەی شارەکەن، بە ژمارە زیاتر لە 50 هەزار عەرەبی هاوردە هێندراون."
 
حەسەن مەجید گوتی، ئەوان لەگەڵ جێبەجێکردنی مادەی 140دان بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 1957.
 
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، "لە سەرژمێریی ساڵی 1957دا 388 هەزار و 839 کەس بەشدار بوون، 48% کورد و 28%عەرەب و 21% تورکمان و 3% نەتەوەکانی دیکە بوون."
 
لە فۆڕمی سەرژمێریدا پرسیاری نەتەوەی تێدا نییە. حەسەن مەجید دەڵێت، "راستە نەتەوەی تێدا نییە، بەڵام خۆ عەرەبە هاوردەکان هەر هێندراون و گەڕەکیان بۆ کراوە و جێگیرکراون."
 
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ئاشکرای کرد، ئەوان لە رێگەی یاساییەوە دەیانەوێت سەرژمێریی رابگرن لە کەرکووک.
 
حەسەن مەجید ئاماژەی بەوەشكرد، وێڕای هەموو هەوڵێکیان بۆ راگرتنی سەرژمێری، دەبێت چاوەڕوانی هەموو بابەتێک بکەن.
 
داواشیکرد، خەڵکی کەرکووک لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆ گەمارۆسازی کە ئێستا بەڕێوەدەچێت و سەرژمێری و بەژمارەکردنە و تاوەکو 30ـی مانگی 10 بەردەوامە. ئەگەر 20ـی مانگی 11 بگەڕێنەوە و بەشداری سەرژمێری بکەن، ئەوکاتە بە میوان تۆمار دەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە