گالەری

رووداو دیجیتاڵ
  
لە رێوڕەسمێکدا لەژێر ناونیشانی 'دهۆک مالا هەمیانە' لە شاری دهۆک، بە پێشاندانی بەڵگەفیلمێک، ئەلبوومی 'دهۆکا کەڤن' ناسێندرا کە بە سەتان وێنەی ئەو شارە لە قۆناخە جیاجیاکاندا لەخۆدەگرێت.
 
رێوڕەسمەکە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەرممە، 26ـی تەممووزی 2023) لە هۆڵی رۆشنبیری دهۆک بە تابلۆیەکی هونەری گرووپێکی هەڵپەڕکێ دەستیپێکرد، کە سەما و هەڵپەڕکێی تەواوی ناوچەکانی کوردستانی لەخۆگرتبوو.
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا بەڵگەفیلمێک لەبارەی دهۆکی کۆن پێشاندرا، کە باس لە مێژووی ئەو شارە دەکات و تێیدا ژمارەیەک کەسایەتی و هاونیشتمانی بەتەمەن، چەند رووداوێکی مێژوویی ئەو شارە دەگێڕنەوە.
 
لە چالاکییەکەدا چەندین وێنەی شاری دهۆک خرانەڕوو، ئەو وێنانە گوزارشتیان لە ژیانی رۆژانە، رەنگ و کولتوورە جیاوازەکانی ئەو شارە دەکرد. مێژووی وێنەکان بۆ ساڵانی 1900 تاوەکو 1970 دەگەڕێتەوە و لەلایەن رۆژنامەڤان شڤان تۆفیقەوە کۆکرانەتەوە و ئەرشیڤکراون.
 
شڤان تۆفیق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 25 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی وێنەی کۆنی شاری دهۆکە، دەڵێ "چیدیکە لە رێگەی پێشانگە وێنەکان بڵاوناکەمەوە، بەڵکو لەڕێگەی ئەلبووم بڵاویان دەکەمەوە، چونکە بەم شێوەیە زیاتر بڵاودەبنەوە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا دوو هەزار دانە لە ئەلبوومی وێنەی 'دهۆکا کەڤن' چاپکراوە و پێشتریش ئەلبوومێکی دیکەی دهۆکی بڵاوکردووەتەوە، کە زیاتر لە 300 وێنەی دەگمەن و کەمبینراوی لەخۆگرتبوو.
 
موئەیەد تەیب، نووسەر و شاعیر، یەکێک لە ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە بوو و هۆنراوەی پێشکێشکرد. 
 
لە رێوڕەسمەکەدا 20 ئەلبوومی 'دهۆکا کەڤن' بە زیاتر لە 20 کەسایتی شارەکە بەخشرا کە رۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی وێنەکان، دواتر دڵشاد سەعید، ئاوازدانەری ناسراوی کورد چەند پارچە میوزیکێکی ژەنی و جۆش و خرۆشی خستە نێو هۆڵەکەوە. 
 
دهۆک، شارێکی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی 1969 بووەتە پارێزگا، کەوتووەتە نێوان دوو چیا و بە 'دهۆکا رەنگین' دەناسرێت، چونکە شارێکی فرە نەتەوە و ئایینییە، تێیدا موسڵمان، کوردی ئێزیدی و کریستیان دەژین و پێشتر جووەکانیش لەو شارەدا ژیاون.