رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغدا مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
ئامانج رەحیم رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی بەغدا وەکو مووچەی مانگی ئادار ناردوویەتی، 954 مليار و 880 مليۆن دينارە.
کەمێک دواتر، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دیناری خستووەتە سەر لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و لە سبەی پێنجشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕی ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی، هەمان ئەو بڕەیە کە ئەوان بۆ مووچەی مانگی ئادار داوایان کردبوو.
پاش گەڕانەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە جنێڤ، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایە بەردەستی و ئەویش ئەمڕۆ واژۆی لەسەر کرد.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد، "ئەمڕۆ لیستی مووچە ئامادە و بڵاودەکرێتەوە و بڕیارە تاوەکو رۆژی پێش جەژن مووچەی هەموو فەرمانبەران دابەش بکرێت".
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو، هەر کاتێک بەغدا پارەکە خەرج بکات، ئەوان لیستی مووچە بڵاودەکەنەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن لە نزیکترین کاتدا.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ـی ئادار ناردنی لیستی مووچەی بۆ بەغدا راگەیاند، بەڵام بەهۆی هەندێک رێکاری تەکنیکییەوە پەسندکردن و واژۆکردنی لیست و نووسراوی ناردنی پارەکە دواکەوت.
12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ