رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، گۆڤاری زانکۆی سەلاحەدین بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان چووە نێو داتابەیسی جیهانیی گۆڤارە کراوەکان ناسراو بە (DOAJ).
رۆژی چوارشەممە 26ی ئاداری 2025 د. هیمداد عەبدولقەهار، سەرنووسەری گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر لە زانستە کردارییەکان زانکۆی سەلاحەدین لەم داتابەیسە تۆمار کرابوو، بەڵام وەک زانستە مرۆڤایەتییەکان یەکەم جارە زانکۆی سەلاحەدین دەچێتە نێو داتابەیسی جیهانیی گۆڤارە کراوەکانەوە."
سەرنووسەری گۆڤارەکە دەڵێت، "لێکۆڵینەوەکانی نێو گۆڤارەکە بە کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاودەکرێنەوە. هەموو بوارەکانی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت، وەک زمان، مێژوو، یاسا و بابەتەکانی دیکە."
وەکو د. هیمداد عەبدولقەهار گوتی، هەنگاوەکە "کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرزکردنەوەی رانکینگی زانکۆ دەبێت؛ هەموو مامۆستایانی جیهان دەتوانن زانکۆی سەلاحەدین، مامۆستایان و توێژینەوەکان بناسن، چونکە لە کاتی گەڕاندا دەتوانن بە خۆڕایی توێژینەوەکانیان دەست بکەوێت و بەکاریان بهێنن."
بە گوتەی پرۆفیسۆر هیمداد عەبدولقەهار، یەکەمجار لە ئایاری 2024 هەوڵیان بۆ ئەو مەبەستە داوە، بەڵام "مەرجەکانی تۆمارکردن لەم داتابەیسە قورسن. هەندێک تێبینییان هەبوو لەسەر چەند خاڵێک کە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان نەدەگونجان، بۆیە ئەوکات پەسەند نەکرا، بەڵام مانگی 12 پێشکێشمان کردەوە و ئەم جارە پەسەند کرا."
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە دەستکەوتێکی نوێی زانستیدا گۆڤاری زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان چووە نێو داتابەیسی جیهانیی گۆڤارە کراوەکان ناسراو بە (DOAJ)، بەو بۆنەیەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وێڕای پیرۆزبایی، دەستخۆشی لە سەرۆکایەتیی زانکۆ و ستافی گۆڤارەکە دەکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان دوای دانانی دیدی درێژخایەن و ئەنجامدانی چەندین گۆڕانکاریی ریشەیی لە رێنماییەکانی گۆڤار و رێوشوێنەکانی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی سیستمی ئەلیکترۆنی، دواجار لە داتابەیسی 'DOAJ' رێبەری گۆڤارە کراوەکانی جیهان، گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان پەسند کرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ