سەفین دزەیی: نابێ هاوپەیمانان رێگە بدەن میلیشیاکان لە داهاتووی عێراقدا پێگەیان هەبێت

26-01-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە دڕندانە ناودەبات و داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکات رێگە نەدەن گرووپە میلیشیاکان لە داهاتووی عێراقدا پێگەیان هەبێت.
 
رۆژی هەینی 26ـی کانوونی دووەم، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی هیندستاندا لە هەولێر گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا ئاماژەی بە هێرشەکانی شەوی 15ـی ئەم مانگەی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر کرد و بە هێرشێکی "دڕندانە و دژی خەڵکی سڤیلی کوردستان" ناوی برد.
 
سەفین دزەیی گوتی، "ماڵێک بە مووشەکی بالیستی لە ئێرانەوە کرایە ئامانج، بێ هیچ پاساوێک، بێ هیچ هۆکارێک، بەڵکو تەنیا لەبەر هەندێ تۆمەت کە هەموویان رەتکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکیان نەبوو". 
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر هێرشەکانی شەوی رابردووش کە بە چەند درۆنێک هێرش کرایە سەر هەولێر و کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ.
 

 
سەفین دزەیی رایگەیاند، "کێڵگەی گازی کۆرمۆر شادەماری هەرێمی کوردستانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هاووڵاتییان، ئەویش هێرشی کرایە سەر و زیانی پێ گەیێندرا. پێویستە سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەم لە بەرامبەر هەڵوێستە بوێرانەکەی کە هەموو ئەو هێرشانەی سەرکۆنە کرد و بڕیاریدا هەنگاوی زیاتر بنێت".
 
لەدوای هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر، عێراق دوو نامەی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ونیکۆلاس دو ریڤیێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد. سەفین دزەیی لەو بارەوە دەڵێت، "کاتێک دۆسیەیەک دەبرێتە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئێمە لە هەموو هاوڕێیانمان چاوەڕێ دەکەین پشتیوانی بکەن" و گوتیشی، "ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نییە. ئێمە بەردەوام لە ژێر بەزەیی ئەم درۆنانە و چەکی نایاساییداین". 
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان روو لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و هەموو ئەو هاوبەشە نێودەوڵەتییانەی هەرێمی کوردستان کە سەربازەکانیان لە عێراق کوژراون دەکات و دەڵێت، "قەرزداری ئەو سەربازە کوژراوانەن، بەوەی دڵنیابنەوە عێراق سەقامگیر و پارێزراو دەبێت و ئەم جۆرە میلیشیایانە هیچ شوێنێکیان لە داهاتووی عێراقدا نابێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."