ئەوس ئیبراهیم: 90٪ـی دەنگەکانم دەنگی کوردانی خانەقینە

25-12-2023
محەممەد رەشید
ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی، بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتی لە خانەقین، لەکاتی بەشداریکردنی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو.
ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی، بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتی لە خانەقین، لەکاتی بەشداریکردنی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە خانەقین بەربژێرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە دەرچوو، کە لە نەتەوەی عەرەبە و دەڵێت، 90٪ی ئەو دەنگانەی بەدەستیهێناوە، دەنگی کوردانی خانەقینە و بەرگری لە دەنگدەرانی دەکات.
 
ئەمڕۆ 25ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی، بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتی لە خانەقین، لەکاتی بەشداریکردنی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات گوتی "خولی رابردوو ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە 29 ئەندام بوون، بەڵام لەم خولەدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە 15 ئەندامە، بۆیە کێبڕکێی بەربژێرەکان زۆر سەخت بوو، سەرکەوتنێکی گەورەمان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدەستهێنا، کە دەنگەکانمان لە سنووری خانەقین و دیالە گەیشتە نزیکەی 28 هەزار دەنگ".
 
باسی لەوەشکرد، "بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە، کە چەند لیستێک لە دیالە هەبوون، نەمانتوانی دوو کورسی بەدەستبهێنین، چونکە دەنگەکانمان پەرش و بڵاو بوون، بەداخەوە ئەمە هەڵە بوو، کە پێویستە جارێکی دیکە دووبارەی نەکەینەوە، ئەگەر سازان و رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەبوایە، 100٪ دوو کورسیمان بۆ کورد بەدەستدەهێنا، چونکە ئەو کاتە دەنگەکان بەفیڕۆ نەدەچوون".
 
لەبارەی کاری داهاتووی لە ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە، ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی دەڵێت، "سیاسەتی من سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و پلانی خزمەتگوزاریمان هەیە، چونکە هاووڵاتیان پرۆژەیان دەوێت، کەموکوڕی لە هەموو کەرتەکاندا هەیە، بەتایبەت کێشەی ئاو، کارەبا و رێگەوبان، هەوڵدەدەین لە رێگەی چەند پرۆژەیەکەوە چارەسەریان بکەین".
 
ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی لەبارەی ئەو دەنگانەی بەدەستیهێناوە گوتی، "نزیکەی 28 هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، کە رێژەی 90٪ـی ئەو دەنگانەی من بەدەستمهێناوە خەڵکی خانەقین و کوردەکانە، رێژەی 10٪ـی دەنگەکانم لە شارەبان و ناوچەکانی دیکە بووە، ئێمە قوتابی قوتابخانەی (مام جەلال)ین، ئێستاش بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیمان دەکات و سەرکەوتنی گەورەمان لە کەرکووک بەدەستهێنا و کوردستانی بوونی شارەکەمان سەلماند، هەروەها کوردستانیەتی خانەقین لەلای ئێمە هێڵی سوورە و پێویستە بیپارێزین و کوردایەتی لەنێو شارەکەدا بکەین، یەکێتیش کورد و عەرەب و پێکهاتە جیاوازەکان تێیدا ئەندامن، کە جیاوازی بۆچوونی تێدا نییە".
 
دەشڵێت، "یەک سانتیمەتر لە سیاسەتی یەکێتی لانادەم، هەمان پۆشاکی جەنگاوەرم پۆشیوە، کە هەمان پۆشاکی بافڵ جەلال تاڵەبانیە، ئێمەش لە ئەنجوومەنی پارێزگەکان جەنگاوەرین بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان، بەڵێنیش دەدەم پشتیوانی جووتیارانی کورد بکەم لە سنووری خانەقین و سازش لە مافەکانیان نەکەم".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە