چیرۆکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە ئیجە و خنکانی نۆ کۆچبەری کورد

25-12-2021
سالار رەزا
ڤیدیۆیەکی دوای نقوومبوونی یەختەکەی کۆچبەران
ڤیدیۆیەکی دوای نقوومبوونی یەختەکەی کۆچبەران
نیشانەکردن بەلەمە نقوومبووەکانی ئیجە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە ، یەکێک لە کۆچبەرە رزگاربووەکان قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "دوای چوار کاژێر لە بەڕێکەوتنمان، بەلەمەکەمان لەکارکەوت و شەپۆلی دەریا بەرەو  دوورگەیەکی بردین؛ بەلەمەکە تێکشکا و 11 سەرنشین خنکان؛ چەند کوردێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی سەرنشینەکانیان رزگارکردن."
 
ئەو کۆچبەرە باس لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە رۆژی 23-12-2021 دەکات و دەڵێت: "کاژێر 6:20 خولەکی ئێوارەی رۆژی 22-12-2021 لە هۆتێل سیلین لە ناوچەی ئیشمیلیەی مەرمەڕیس لە پارێزگای موغڵای تورکیا لە لایەن قاچاخچییەکانەوە بەڕێکراین. سەرەتا ئەوانەی کە سەڵت بووین ژمارەمان 31 کەس بوو و ئەوانەش کە کەسانی دیکەیان لەگەڵ بوو 47 کەس بوو؛ براینە نێو جەنگەڵ و دواتر براینە ئەو شوێنەی کە تێیدا یەخت و بەلەمەکان لەنگەر دەگرن. بەڵێنیان پێدابووین کە بەلەمێکی 16 مەتری ئامادەبێت و بمانگوازێتەوە، بەڵام کە چووینە شوێنی مەبەست دەبینین کە بەلەمەکە تەنیا 12 مەترە. ئەو کاتە ژمارەی کۆچبەرەکان بەگشتی 103 کەس بوو؛ 84یان گەورە و 19ەکەی دیکەیان منداڵ بوون و بەزۆر هەموومان سەرخراین بۆ نێو بەلەمەکە."
 
کۆچبەرەکە دەڵێت، کاژێر 02:00ـی شەو بەلەمەکە کەوتە جووڵە و دوای چوار کاژێر کێشەی تێکەوت. دوو دەریاوانمان لەگەڵ بوون و گوتیان کە خەڵکی قیرغیزستانن؛ کێشەکەیان چارەسەرکرد."
 
کۆچبەرەکە چیرۆکی نێو دەریا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، شوێن نەبوو لەنێو بەلەمەکە دابنیشن و شەپۆلی دەریاش زۆر بەهێزبوو و هەربۆیە چەند جارێک بەلەمەکەیان لەکارکەوت و هەوڵی چاککردنەوەی درا.
 
کۆچبەرەکە دەڵێت: "لە رۆیشتن بەردەوامبووین تاوەکو کاژێر 14:00ی رۆژی 23-12-2021 بەلەمەکە بەتەواوی پەکیکەوت و بزوێنەرەکانی لەکارکەوتن و کوژایەوە.  دەریاوانەکان بێئومێد بوون؛ شەپۆلەکان زۆر بەهێز بوون و بەلەمەکەیان لەگەڵ خۆیان دەبرد؛ بزوێنەرەکانی بەلەمەکە 5 خولەکی دیکە کەوتنەوە کار و  دواتر بە تەواوی لەکارکەوتن؛ شەپۆلەکان بۆ دوورگەیەکی بەردینیان بردین؛ هیچ رێگەیەکی دابەزین نەبوو؛ بەلەمەکە ئەوەندە بەر بەردەکان کەوت کە لە چەند لایەکەوە شکا و ئەوانەی کەوتنە خوارەوە و شەپۆلەکە لەگەڵ خۆیان بردنی ژمارەیان 11 کەس بوو و خنکان."
 
وەک ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت،  سێ کەس خەڵکی کەرکووک کە داپیرە و کچ و کچەزا بوون، خێزانێکی دیکە حەوت کەس بوون کە خەڵکی هەڵەبجە بوون و یەکێکیان ژنێک بوو و خنکا، بەڵام ئەوانی دیکە رزگار بوون؛ دوو منداڵ خەڵکی قەڵادزێ بوون و خنکان؛ سێ کەسی دیکەش کە دایک و کوڕ و کچێکی خەڵکی دهۆک بوون؛ دووکەسی دیکەش خەڵکی ئەفغانستان بوون و ئەوانە گیانیان لەدەستدا."
 
 
بەگوتەی ئەو کۆچبەرە کە ئێستا لەیەکێک لە کەمپەکانی ئەسینای پایتەختی یۆنانە، چەند گەنجێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە سەرنشینی ئەو بەلەمە بوون، بەلەمەکەیان بە بەردەکانەوە بەستووەتەوە و بەو جۆرەش توانیویانە ژیانی زۆربەی کۆچبەرەکان رزگاربکەن.
 
کۆچبەرە رزگاربووەکە دەڵێت، ئەو شەوە بەهۆی بەهێزیی شەپۆلی دەریاوە پۆلیسی یۆنان نەیتوانیوە کۆچبەرەکان بگوازێتەوە، بەڵام بەردەوام بە کۆپتەر پاسەوانییان کردوون و رۆژی دواتر گوێزراونەتەوە بۆ کەمپێک لە ئەسینا و گوتی: "ئێستا بارودۆخمان باشە."
 
کۆچبەرەکە لەبارەی سەرنشینانی دیکەی بەلەمەکە گوتی، "رزگاریان بووە و نەخنکاون و ئێستا لە یەکێک لە کەمپەکاندان."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی پرۆژەکە کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە پەیجی فەرمی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە

لە کەرکووک پڕۆژەی ئاوی ناوەندیی تازە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی؛ 97%ی تەواو بووە

پڕۆژەی ئاوی ناوەندیی تازە لە پارێزگای کەرکووک گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و 97%ی کارەکانی تەواو بووە. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت، مانگێکی دیکە کارەکانی تەواو دەبێت