جووتیارانی سەرگەڕان: رێگە نادرێت زەوییەکانمان بکێڵین

25-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نادرێت زەوییەکانیان بکێڵن، کە ئێستا کاتی کێڵانیانە.
 
8ی ئەم مانگە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی چاندن، جارێکی دیکە کێشە بۆ جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دروستبوو و هێزێکی سوپای عێراق بە جووتیارانی کوردی سنوورەکەیان گوت، نابێت زەوییەکانیان بکێڵن.
 
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سنوورەکە دەڵێت، "تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نادەن زەوییەکانمان بکێڵین."
 
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی عەرەبی هاوردە بڕیاردرا کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نادرێت زەوییەکان بکێڵن.
 
بۆ رێگەدان بە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد، کشتوکاڵی کەرکووک نووسراوی بۆ پارێزگاری کەرکووک کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێگرییەکە بەردەوامە. محەممەد ئەمین دەڵێت، "ئەمڕۆ پارێزگاری کەرکووک و بەڕێوەبەری کشتوکاڵ لەسەر کێشەکە گفتوگۆ دەکەن و پێدەچێت لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجامی باشی هەبێت."
 
سەرەتای ئەم مانگە عەرەبی هاوردە نووسراوێکی سوپایان برد، گوایە خاوەنی زەوییەکان ئەوانن و رێگە نادەن جووتیارانی کورد کارەکانیان بکەن.
 
کێشەکە لە چوار گوندی سنوورەکەیە کە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکەن. سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە جووتیاران دەڵێت، ئێستا کاتی چاندنە، چونکە زەوییەکان بەرئاون و لە رێگەی بیرەوە ئاو دەدەن.
 
لە سەروبەندی کاتی دروێنەی دانەوێڵەدا لە 26ی نیسانی ئەم ساڵ بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق رێگە نەدرا جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن. دواتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە 15ی ئایاردا لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی عێراق چووە سنوورەکە و دروێنەکە کرا.
 
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، ئەوان 28 ساڵ چاوەڕێیان کردووە تاوەکو دەسەڵاتی سەدام رووخاوە بۆ ئەوەی بچنەوە سەر زەوییەکانیان و ئێستاش 21 ساڵە ئەو دەسەڵاتە نەماوە، بەڵام ناتوانن بە ئازادانە زەوییەکانیان بکێڵن.
 
ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگیان بۆ جووتیارەکانیان دروستکردووە نزیکەی 40 هەزار دۆنم دەبێت.
 
زۆربەی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە چەندین جار کێشە و ئاستەنگیان بۆ کوردی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە