رووداو دیجیتاڵ
دەیان چالاکڤانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە ژنێکی کوردی بەندکراوی سیاسی دەکەن کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بهێنێت.
نزیکەی 130 چالاکڤانی کولتووری، ئەدەبی و ژینگەیی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوا لە وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد دەکەن کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بهێنێت.
وریشە مورادی لە 10ی ئەم مانگەوە دژی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەریدا و بێبەشکردنی لە بینینی کەسوکاری، لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرتووە.
چالاکڤانانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، ئەو هاونیشتمانییە دژی ستەم، نادادپەروەری و سزای لەسێدارەدانی سەپێندراو بەسەریدا مانی لە خواردن گرتووە، بەڵام ئەو کارە گیانی خستووەتە مەترسییەوە؛ بۆیە داوای لێدەکەن کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت.
ئەو چالاکڤانانە دەڵێن، بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی رۆژی شەممە 26-10-2024 مان لە خواردن دەگرن و داوای لێدەکەن، ئەویش شەممە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت.
وریشە مورادی لە 01-08-2023 لە سنە دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ تاران گوێزرایەوە. ئەو بە چالاکی چەکداری بەرامبەر حکومەتی ئێران تۆمەتبارکراوە و بەو تۆمەتە چەندجار دادگایی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ