ماڵپەڕی شەفافیەت: داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە چوار ملیار دینار کەمیکردووە

25-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 9 ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر زیاتر لە چوار ملیار دینار کەمیکردووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە رێککەوتی 18-10-2024 بۆ ئەمڕۆ هەینی 25-10-2024 واتە لە ماوەی هەفتەیەکدا 9 ملیار و 80 ملیۆن و 174 هەزار و 425 دینار بووە. 
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەی پێشووی هەمان سنوور، 13 ملیار و 948  ملیۆن و 375 هەزار و 750 دینار بووە.
 
ماڵپەڕی شەفافیەت ئاماژەی بەوەکردووە. ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی پێشوو، داهاتی سلێمانی 34.9% کەمیکردووە.
 
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
 
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
 
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ی بەرزکردووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە