گالەری

دوێنێ کاژێر 12:05
18 Photos
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمەی دەیبینن قوتابخانەی تارای بنەڕەتیی تێکەڵاوە لە هەولێر؛ ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-9-2024، هەروەکو قوتابخانەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێرەش لێدرا.
 
قوتابخانەکە لە دوو نهۆم و 31 پۆل پێکدێت و 58 مامۆستای هەیە؛ هەروەها 789 قوتابی کچ و کور لەو قوتابخانەیە دەخوێنن.
 
لەم قوتابخانەیەدا، دوو دەوام دەکرێت؛ دەوامێکیان لە پۆلی یەک بۆ شەشی سەرەتاییە و دەوامەکەی دیکە لە حەوت بۆ نۆیە، بەڵام هەردوو دەوامەکە یەک بەڕێوەبەریان هەیە.
 
مامۆستا شەهناز عوسمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە رووداوی گوت، "بۆ ئەم ساڵی نوێی خوێندن پلانی تۆکمەمان بۆ قوتابخانەکەمان داناوە، چونکە ئێمە ئاستی 84مان وەرگرت لە هەڵسەنگاندنی پەروەردەدا؛ هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەم ساڵی خوێندن تاوەکو جیاواز و باشتر بین".
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، قوتابخانەکەیان 13 پۆلی تایبەتی تێدایە بە هەموو پێداویستییە پەروەردەییەکانەوە. ئەو پۆلانە تایبەتن بە هونەر، کتێبخانە، تاقیگەی کیمیایی و فیزیایی، زمانەوانی و بیرکاری. دەشڵێت، "لە قوتابخانەکەمان پۆلی پەروەردەی تایبەتمان هەیە کە تایبەتە بە کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت".
 
ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی خوێندن، رێوڕەسمی تایبەت بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و قوتابیانی پۆلی یەکی سەرەتایی بەڕێوەدەچێت.