رووداو - هەولێر
پێنجشەممەی رابردوو خۆشترین رۆژی ژیانی تانیا جونەید بوو، کاتێک بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێکرا بۆ ئەوەی وەکو یەکەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، گوتار پێشکەش بکات، ئەمڕۆش لە نووڕۆژی دۆستان، چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی گێڕایەوە.
تانیا جونەید لە پرۆگرامی نووڕۆژی دۆستان کە هەردوو پێشکەشکاری نێوداری کوردستان: رەنج سەنگاوی و دلبخوین دارا، لەگەڵ پێشکەشکاری نوێی رووداو، دیدە فەرەیدوون پێشکەشی دەکەن، میوان بوو و باسی رۆتینی رۆژانەی خۆی کرد، کە وایکرد لە چوار ساڵی زانکۆدا سەرکەوتوو بێت و پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکەی بەدەستبهێنێت.
تانیا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە، لەکاتێکدا زۆربەی خوێندکاران بیر لەوە دەکەنەوە بۆ خوێندن روو لە دەرەوەی وڵات بکەن، ئەو خۆی لە دەرەوەی وڵات تاوەکو 12ـی ئامادەیی خوێندووە، بەڵام حەزی لێبووە لە کوردستان خوێندنی زانکۆی تەواو بکات، بۆیە نەرویجی جێهێشتووە کە بە فڕۆکە زیاتر لە حەوت کاژێر لە کوردستان دوورە و، هاتووەتە ماڵی خاڵی لە زاخۆ، تاقیکردنەوەی کردووە و لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک دەستی بە خوێندن کردووە.
یەکەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک دەڵێ "بەیانیان دەواممان کاژێر 09:00 دەستیپێدەکرد و جاری وا هەبوو تاوەکو 06:00ـی ئێوارە لە زانکۆ دەماینەوە، پاشان ئێواران دەستم بەخوێندن دەکرد و بەپێی وانەکانم رۆژانە لەنێوان یەک کاژێر بۆ پێنج کاژێر دەمخوێند".
تانیا نهێنیی سەرکەوتنی خۆی لە خوێندنی قۆناخی زانکۆی ئاشکرادەکات و دەڵێ "خوێندن یەکەم شتە. مرۆڤ نابێت ئەوە لەبیربکات و دەبێت بەردەوام بێت، جگە لەوەش من زۆر کەم ئینتەرنێتم بەکاردەهێنا".
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، تانیا ئاماژە بەوە دەکات "وەکو هەر ماڵە کوردێک، لە ماڵی ئێمەش زۆر باسی سیاسەت دەکرا، دایکم دەرچووی زانستە سیاسەییەکانە لە بەغدا، بۆیە منیش حەزم لەو بەشە کرد و هەڵمبژارد".
رۆژی 19-9-2019 لە ئاهەنگێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لە تانیا کرا بۆ ئەوەی وەکو یەکەمی ئەمساڵی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک گوتار بخوێنێتەوە، لەبارەی هەستی خۆشی لەو ساتەدا، دەڵێ "ئەمە، زۆر دڵخۆشی کردم".
لەکاتێکدا زۆر گلەیی لە خوێندکارانی زانکۆ، بەتایبەتی خوێندکارە کچەکان دەکرێت بەوەی زۆر گرنگی بە جلوبەرگ، ماکیاژ و سناپچات دەدەن، تانیا دەڵێ ئەو وانەبووە، "ئەو شتانە بۆ من زۆر گرنگ نەبوون و، کەم کاتی خۆم بەو شتانەوە بەفیڕۆداوە".
لە کۆتایی گوتەکانیدا لە بەرنامەی نووڕۆژی دۆستان، تانیا باسی لە ئاستی زانکۆکەی کرد و گوتی "ئاستی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک زۆر باشە. من زۆر خوێندنم لە ئەوروپا بەدڵ نەبوو بۆیە هاتمە ئێرە".


