مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان: پێویستە حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکاتەوە

25-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە."
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2024) 36 ساڵ بەسەر دوا قۆناخی ئەنفال تێپەڕ دەبێت. لەو قۆناخەدا کە لە 25ـی ئاب بۆ 6ـی ئەیلوولی ساڵی 1988 درێژەی کێشا، بە ئەنفالی بادینان یان خاتیمەی ئەنفال دەناسرێت. تێیدا رژێمی بەعس پەلاماری ناوچەکانی دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، ئاکرێ و چەندین ناوچەی دیکەی دا، هەزاران کەس بێسەروشوێنکران، کە تائێستاش بەشێکی زۆریان رووفاتەکانیان نەهێنراونەتەوە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بەم بۆنەیەوە دەڵێ "ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونانە، قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو، بەڵام تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژیانە، نەیانتوانی ئیرادە و خواستی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لەنێوببەن."
 
لە پڕۆسەی ئەنفالی بادیناندا، زیاتر لە 5 هەزار کەس ئەنفالکران، نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، 663 گوند بەر پرۆسەی ئەنفال کەوتن، لەنێویاندا 40 گوندی مەسیحی، 81 گوندی کوردانی ئێزدی، 79 گوندی دیکەش کیمیابارانکران.

دەقی راگەیێندراوەکە:
 
ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، لە دوا قۆناخی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، رژێمی بەعس، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دەڤەری بادینانی شەهید و بێسەروشوێن کرد، سەدان گوندی ئەو ناوچەیەشی وێران کرد کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس.
 
ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونانە، قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو، بەڵام تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژیانە، نەیانتوانی ئیرادە و خواستی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لەناوببەن. 
 
لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە. لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و هەرچی لەتواناشیدا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان درێخی ناکات. 
 
سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە