رووداو - شرۆڤە
بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بگاتە سەربەخۆیی، دەبێ حیزبەكان رازی بن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان ببن بە خاوەنی ناسنامە و سنوور و سەروەری، دەبێ بەرژەوەندیی حیزبەكان لەبەرچاو بگیرێت، ئەو هێزە دژبەیەكانەی هەموو شتێك كۆیان دەكاتەوە جگە لە ئاساییشی نەتەوەیی، ئەو دیاردەیە لە مێژووی هیچ گەلێك بەدی ناكرێت، هەم جێگەی پێكەنینە و هەمیش گریان.
حیزبەكان لەڕێی دەمڕاست و نووسەرەكانیان وەڵامی بانگەوازی سەرۆكیان دایەوە بۆ بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتمانی لەبارەی سەربەخۆیی. وەڵامەكان شتی تازە نەبوون و لێدانی قەوانە كۆنەكان و قسەی زبر بوو. ئەوان بەرژەوەندی و ویستی خۆیان لەسەرووی ویست و ئیرادەی گەل دەبینن، ئەگینا ناكۆكی سیاسی چ پەیوەندییەكی بە سەربەخۆیی هەیە كە موڵكی گەلە و موڵكی سەت ساڵ قوربانیدان و موڵكی شەهیدان و پێشمەرگەیە.
دوای یەك ساڵ قەیران و بنبەستی سیاسی تەنیا سەربەخۆییە دەتوانێ لایەنەكان كۆبكاتەوە و كۆدەنگی دروست بكات. دەبێ زەمینەسازی بكرێ، دەبێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە، نابێ بارزانی سەرۆكایەتیی دانیشتنەكە بكات و كۆمەڵێك قسەی زبری دووبارە و ... هتد.
بەڵام ئایا حیزبەكان لەوەدا راست دەكەن؟ وەڵامەكەی نەخێرە، حیزبەكان مەبەستیان ئازاردانی بارزانی و بەدەستهێنانی دەستكەوت و پۆینتی حزبییە. با بگەڕێینەوە ساڵێك لەمەوبەر. دوای ئەوەی ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی تێكشكا، سەرۆك لەگەڵ شاندێك كە لە نوێنەرانی یەكێتی و گۆڕان پێكهاتبوو سەردانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەوروپی كرد لەسەر بابەتی سەربەخۆیی و هاوكاریكردنی پێشمەرگە. بە راشكاوانە داوای رەوای گەلی كوردستانی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا و سەركردەكانی دیكەی رۆژئاوا باسكرد. سەرۆك بە دەستێكی پڕ گەڕایەوە، كوردستان لە لووتكەی بەهێزی خۆیدا بوو. سەرۆك ویستی دەستكەوت و دەرئەنجامی شەڕ و سەردانەكەی لەگەڵ حیزبەكان باس بكات.
لە 18ـی 5ـی 2015، كۆبوونەوە مێژووییەكەی سەرۆك و لایەنەكان و دامەزراوە رەسمییەكان دەستیپێكرد. هەموو ئەسحابی بڕیاری حیزبەكان بە گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و كۆتاكان و حیزبەكانی دیكە ئامادەبوون، سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی هەرێم و حكومەت و چەند وەزیرێكی حكومەتیش.
لەم دانیشتنە مێژووییەدا بڕیار لەسەر پێكهێنانی كۆمیتەی سەربەخۆیی درا. ئەركی كۆمیتەكە كە لە كەسی یەكەمی دامەزراوەكان و حیزبەكان پێكدەهات، مێژوویی و بێوێنە بوو. كۆمیتەی سەربەخۆیی ئەركی بریتیبوو لە( یەكخستنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی بۆ شەڕی داعش و دیاریكردنی سنوور)، (یارمەتیدانی پەرلەمان و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی)، (هەماهەنگكردنی راگەیاندنەكان بۆ خۆشكردنی زەمینەی سەربەخۆیی و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و رێگەگرتن لە شەڕی ئیعلامی)،(دەستەبەركردنی ئابووریی سەربەخۆیی و یارمەتیدانی حكومەت بۆ چاكسازی و باشتركردنی ژیانی خەڵك)،(یارمەتیدانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و گەیشتن بە كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر سیستەمی سیاسی بۆ دەوڵەت و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك)،(پێكهێنانی شاندی دانووستاندنكار بۆ گفتوگۆ لەبارەی سەربەخۆیی لەگەڵ وڵاتان)،(پێكهێنانی شاندی دانوستاندنكار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەبارەی سەربەخۆیی و كێشەكانی تر).
لەو رۆژەدا كۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر هەموو ئەو پرسانە هاتە ئاراوە كە جێگەی نیقاشی لایەنەكان بوو هەر لە سیستەمی سیاسییەوە بگرە تا دەگاتە سەربەخۆیی. جێگەی داخە حیزبەكان پشتیان لەو بەڵێنانە كرد كە لە كۆبوونەوەكە بڕیاری لەسەر درابوو. هیچكامێكیان نوێنەریان بۆ كۆمیتەكە نەنارد. خەریكی خۆڕێكخستن بوون بۆ گەرمكردنی شەڕی راگەیاندن و پڕۆژەكانیان لە پەرلەمان و ئەنجامەكەیش ئەو قەیرانەیە كە ماوەی ساڵێكە خەڵكی كوردستان ئازار دەدات.
خۆ ئەو كات زەمینە هەبوو، پەرلەمانیش كارابوو، زرووفی مەوزووعیش لەباربوو و كوردستان لەشەڕ و دیپلۆماسیدا سەركەوتوو بوو، ئەگەر حیزبەكان ئێستا بە دەنگی بەرز بە بیانوویەك كە هیچ پەیوەندی بە سەربەخۆییەوە نییە، رەفزی داواكەی سەرۆك دەكەن باشە بۆ ئەو كات بەڵێنیان شكاند؟؟؟؟ ئەوان بچووك بیریان كردەوە و ویستیان بارزانی بشكێنن و ئازاری بدەن، ئەو بارزانییەی سەركەوتن و دەستكەوتەكانی لەگەڵ هەمووان بە رۆحێكی پێشمەرگانە بەش كرد. با حیزبەكان وەڵامی مێژوو و گەلی كوردستان بدەنەوە بۆچی وا بەرتەسك و بچووك جووڵانەوە.

.jpeg&w=3840&q=75)
